حوسێن ئەحمەدی‌نیاز: فەرمانداری مەریوان تەنیا \"٥ کیلۆ قەند و رۆن\"ی داوەتە منداڵانی نشکاش

19:28 - 15 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: هەتا ئێستا ئەو ٧ منداڵە کوردەی گوندی نشکاشی مەریوان، کە ساڵی رابردوو بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون، کەمترین هاوکاری و پێڕاگەیشتنیان بۆ کراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پارێزەری ئەو ٧ منداڵە کوردەی کە لە گوندی نشکاشی مەریوان بەهۆی تەقینەوەی مین برینداربوونە، لە وتوێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکان، سەبارەت بە پێڕانەگەیشتن بە دۆخی تەندروستی و ژیانی ئە ومنداڵانە، رەخنەی لە دەوڵەت و فەرمانداریی شاری مەریوان گرتووە.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری ئەو حەوت منداڵە کوردە گوتوویەتی، فەرمانداری شاری مەریوان هەتا ئێستا بۆ باشتربوونی دۆخی ژیانی ئە وحەوت منداڵەی گوندی نشکاش، تەنیا ٥ کیلۆ رۆن و ٥ کیلۆ قەندی پێداون.

\"22505.jpg\"
حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، سەبارەت بە پێڕانەگەیشتن بە دۆخی تەندروستی و ژیانی ئە ومنداڵانە، رەخنەی لە دەوڵەت و فەرمانداریی شاری مەریوان گرتووە
رێکەوتی ٢٧ی مانگی رەزبەری ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ٧ منداڵی کوردی خەڵکی گوندی نشکاش، کە چوار کوڕ و سێ کچ بوون، لە کاتی یاری کردندا بەهۆی تەقینەوەی مینی کۆنە پایەگایەکی سوپای پاسداران لە گوندەکەیان، بریندار بوون و منداڵێکیان بەناوی گەشین کەریمی لاقێکی لەدەست دابوو.

هاوکات لەو رووداوەدا، ئاڵا رووبینا تەمەن ٦ ساڵ چاوی راستەی زەبری وێکەوت و بێهنووش زیائی موقەدەم تەمەن ٩ ساڵ هەر دوو دەست و لاق و سکی بریندار بووە و سیما دژاهەنگ تەمەن ٥ ساڵ دەموچاو، لەش و لاقی بریندار بوون و زانا پاو تەمەن ١٣ ساڵ سەر و گوێچکە و لەشی و هەروەها خەبات کەریمی چاوی راستەی و مەتین رەخش بەهاری تەمەن ٨ ساڵیش زۆربەی ئەندامانی لەشی پارچەی مینی بەرکەوتووە.

حوسێن ئەحمەدی نیاز بە هەواڵدەریی \"ئانا\"ی راگەیاندووە، بنەماڵەی ئەو منداڵانەی کە بریندار بوونە، لەوپەڕی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن و تەنانەت هێندێک لە بنەماڵەکانیان پارەی کرێی ماشینی هاتوچۆ کردنیان بۆ شاری مەریوان و بەدواداچوونی پەروەرندەی منداڵەکانیشیان نییە.

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستۆتەڕوو، دۆخی دەرمانی ئەو مندالانە زۆر نالەبارە و بەدەست ئازاری برینەکانیانەوە دەناڵێنن و بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە، ناتوانن نەشتەرگەری بۆ دەرهێنانەوەی پارچە مینەکان بکەن.