حوسێن ئەحمەدی نیاز: ئەگەر یاسا حاكم بێت دەبێت حوکمی ئێعدامی ڕامین هەڵوشێندرێتەوە

21:19 - 5 رێبەندان 2717

 

ئاژانسی کوردپا: پاڕێزەری دۆسیەی ڕامین حوسێن پەناهی بە نیسبەت بڕیاری حوکمی ئێعدامی ڕامین ناڕەزایەتی دەڕبڕی و هیوادارە کە دیوانی باڵای وڵات ئاڵوگۆڕ بە سەر ئەو حوکمەدا بهێنێت.
حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری و پارێزەری دۆسیەی ڕامین حوسێن پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد، بە ئاماژە کردن بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین، لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"ڕامین حوسێن پەناهی بە تاوانی \"بغی\" و ئەندامبوون لە کۆمەڵە و بە ئێعدام لە ڕێگای سێدارەوە لە حەوشی زیندانی سنە مەحکووم کراوە\".

ئەو پاڕێزەرە هەروەها دەڵێت: \"ڕامین حوسێن پەناهی لە دادگادا تەواوی ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵی ڕەت کردوتەوە و ڕاگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک هەوڵی شەڕ و تێکهەڵچوونی نەداوە\".

ئەو پارێزەرە پلەی یەکەی دادگوستەری ڕایگەیاند: \"دادگای ئینقلابی شاری سنە بۆ دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین پشتی بە بەڵگەکانی سپای پاسداران و وەرزارەتی ئیتلاعات بەستووە و ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە کاتی لێکۆڵێنەوەکان، ڕامین لە بوونی پارێزەر بێبەری بووە\".

نابراو هەروەها دەڵێت: \"دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ رامین لە سەر داواکاری وەزارەتی ئیتلاعات بووە\".

حوسێن ئەحمەدی نیازی دەڵێت: \"ئەگەر یاسا سەروەر بێت دەبێ حوکمی ئێعدامی ڕامین لە دیوانی باڵای وڵات هەڵبوشێنڕێتەوە و لە ڕوانگەی منەوە، کۆنوانسینۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، یاسای بنەڕەتی و قەواعد، ئوسووڵ و بونیادکانی مافی سروشتی و مرۆیی، ڕامین نابێت ئێعدام بکرێت\".

ئەو پارێزەرە پێداگری دەکات کە: ئێعدام، ڕێگا چارەی لابردنی کێشە و هەڵاوردنەکان لە کوردستان نییە و هەوڵە توندوتیژییە ئامێزەکان لە لایەن حکوومەتەوە ناتوانێت یارمەتیدەری چارەسەر کردنی ئەو کێشانە بێت.

ناوبراوە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: هیوادارم کە حوکمی ڕامین لە دیوانی باڵای وڵات هەڵبوشێنرێتەوە و حوکمێکی نوێی لە پەیوەندیی لەگەڵ دۆسیەکەی ناوبراو دەربکات.

دادگای ئینقلابی شاری سنە لە حوکمێکدا، ڕامین حوسێن پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام کرد. ئەو حوکمە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕامین حوسێن پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەستبەسەر و پێش لە تەواو بوونی قۆناغی دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە. پاش دەستەبەسەر کردنی ڕامین، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەوڵی دەستبەسەر کردنی بنەماڵەی حوسێن پەناهیان دا.