حوسێن ئەحمەدی نیاز: دەوڵەتی ئێران بەرپرسی ئازار و ئێشەکانی کچانی شیناوێیە

15:28 - 8 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەری کچانی شیناوێی شاری پیرانشار، دەوڵەتی ئێرانی بە بەرپرسی ئازار و مەینەتییەکانی کچانی شیناوێ زانی.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری کچانی شیناوێی پیرانشار ڕایگەیاندووە: ماوەی ٦ ساڵە لە ئێش و ئازارەکانی ئەو کچانە تێدەپەڕێ، دەبێ دەوڵەت قەرەبووی ئەو هەموو ئازارە بکاتەوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"لە ماوەی ئەو ٦ ساڵەدا، هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٦٠ نەشتەرگەری بۆ ئەو کچانە کراوە، دەبێت دەوڵەت قەرەبووی ئەو زیانلێکەوتووانە بکاتەوە.

ئەحمەدی‌نیاز هەروەها دەڵێت: من بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کچانی شیناوێ دەکەم و دووبارە لە سەر دەوڵەت سکاڵا تۆمار دەکەم لە هەمبەر کەمتەرخەمی و قەرەبوونەکردنەوەی زیانەکانیان.

ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی 1391ی هەتاوی، ٣٧ قوتابی کچ بە هۆی ئاگرگرتنی یەکێک لە پۆلەکانی خوێندن لە قوتابخانەی شیناوێ تووشی سووتانی لەڕادەبەدەر بوون و دوو قوتابیش بە ناوەکانی \"سەیران یەگانە و \"سارینا ڕەسووڵزادە\" بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست دا.

ئەو پارێزەرە کوردە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، داوای گواستنەوەی کچانی شیناوێ بۆ چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی وڵات و دانی دیە بۆ ئەو کچانەی کردبوو.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: \"لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکارییە یاساییەکانی ئێمە، ناچارین لە تاران دەست بە مانگرتن بکەین.\"