حوسێن ئیبراهیم حەمزە و جەماڵ یووسفی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کران

18:43 - 25 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، حوسێن ئیبراهیم حەمزە و جەماڵ یووسفی، دوو زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکان، لە زیندانی مەهاباد ئازاد کران.

حوسێن ئیبراهیم حەمزە پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی و جەماڵ یووسفی بە مەرەخەسیی "متصل بە آزادی" لە زیندانی مەهاباد ئازاد کران.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"  لەلایەن دادگای مەهابادەوە هەر کامەیان بە پێنج ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ رۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.

ئەو دوو زیندانییە ساڵی ٩٩ لە زیندانی بۆکانەوە بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوون.

هەروەها ئەو دوو زیندانییە سەرەتاکانی ساڵی ٩٧، بۆ لێپرسینەوە لە زیندانی بۆکان ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون و دواتر بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە ساڵی ٩٥ بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا "لە گرتنی پارێزەر" بێبەری کرابوون.

وێنە: جەماڵ یووسفی و حوسێن ئیبراهیم‌حەمزە