حوسێن کەمانگەر بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

10:22 - 30 بەفرانبار 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار، حوسێن کەمانگەر، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری کامێران، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاندووە ئەو زیندانییە سیاسییە بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تەمەنی، بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو پاش هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی حوسێن  کەمانگەر لە دیوانی باڵای وڵات، دۆسییەی ئەو زیندانییە ڕەوانەی لقی هاوتەریب کراوە و کۆبوونەوەی دادگاییکردنی حوسێن کەمانگەر، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بەفرانبار، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "شەرەفی" بەڕێوە چووبوو.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاندووە دادگا لەگەڵ ئازادیی کاتیی ئەو زیندانییە سیاسییە هەتا بڕینەوەی حوکمەکەی ڕەزامەندی دەربڕیوە و دواتر بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تەمەنی ئازاد کراوە.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، ئەو زیندانییە سیاسییەی بە "بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردبووو ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە حوکمی داسەپاو دژی حوسێن کەمانگەر، بە بنەماڵە و پارێزەرەکانی ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە، مانگی پووشپەڕ و مانگی ڕێبەندانی ٩٩، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو زیندانییە سیاسییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.