حوسێن کەمانگەر بێ‌تاوان ناسێندرا

11:08 - 27 رێبەندان 2721

حوسێن کەمانگەر، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵكی شاری کامێران کە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی "بەغی" دەسبەسەر کرابوو، بێ‌تاوان ناسێندرا.

لە دادنامەی ئەو زیندانییە سیاسییە کە لەلایەن لقی دووەمی دادگای ئینقلابی سنە دەرکراوە هاتووە، بەهۆی ناتەباتی لەنێوان قسەکانی دوو ناوەندی ئەمنییەتی لەو دۆسیەدا گومان دروست بووە و بۆیە دادگا ڕادەگەیەنێت تۆمەتەکانی کە وەپاڵ حوسێن کەمانگەر دراون ڕاست نییە و بۆیە بەپشتبەستن بە ماددەی ٤ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەریی ١٣٩٢ ناوبراو بێ‌تاوان دەناسێندرێت.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات حوکمی سەرەتایی بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی بێ ئیعتباری بۆ شایەتیدان و نەبوونی بەڵگەی دیکە دادنامەکەی ڕەت کردبوو و دۆسیەکە بۆ لقی هاوتەریب نێردرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار، حوسێن کەمانگەر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.

پاش هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی حوسێن کەمانگەر لە دیوانی باڵای وڵات، دۆسییەی ئەو زیندانییە ڕەوانەی لقی هاوتەریب کراوە و کۆبوونەوەی دادگاییکردنی حوسێن کەمانگەر، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بەفرانبار، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "شەرەفی" بەڕێوە چووبوو.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، ئەو زیندانییە سیاسییەی بە "بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردبووو ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە حوکمی داسەپاو دژی حوسێن کەمانگەر، بە بنەماڵە و پارێزەرەکانی ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە، مانگی پووشپەڕ و مانگی ڕێبەندانی ٩٩، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو زیندانییە سیاسییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.