حدکا: ئەندامانی کوردی سپای پاسداران لە ئەندامبوونی ئەو ڕێکخراوەیە دەست بکێشنەوە

15:32 - 28 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، داوای لە ئەندامانی کوردی سپای پاسداران کرد لە ئەندامیەتیی ئەو ڕێکخراوەیە، دەست بکێشنەوە.

پاش خستەناوی ڕێکخراوی سپای پاسدارن لە ناو \"ڕێکخراوە تێڕوریستییەکان\" لە لایەن ئامریکاوە،مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە ئەندامانی کوردی سپای پاسداران کرد، کە بگەڕێنەوە باوەشی گەل و چیدیکە خزمەت بەو حکوومەتە نەکەن.

ئەم پەیامە لە ماڵپەڕی \"کوردستان میدیا\" زمانحاڵی حدکا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە: حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای بەهێزکردن، پتەوکردن و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤیی کورد و خەبات بۆ مافە نەتەوەیییەکانی دامەرزراوە و لەم سونگەوە سیاسەت دەکات. بۆیە نایەوێت لە سبەی ڕۆژدا تاکی کورد بە ناوی تێرۆریستەوە کەلەپچە بکریت یان ڕووبەڕووی دادگاکانی دژە تێرۆر، چ لە کوردستان و چ لە جیهاندا ببێتەوە.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەو پەیامەدا، ڕاگەیاندووە کە \"پێویستە ئەوانەی تاکوو ئەمڕۆ بە هەر بیانوویەک و بە هەر هۆکارێک ئەندامی سپای پاسداران بوون، ئەم بانگەوازەی حیزبی دێموکرات بە جیدی وەربگرن، چونکە لە دواییدا کەس مافی ئەوەی نابێت پاکانە بۆ تێرۆریست و دەستوپێوەندییەکانیان بکات\".

مستەفا هیجری لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە : \"لێرەدا جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، کە ئێمە بێجگە لە کۆماری ئیسلامی هیچ دوژمنێکی ترمان نییە. لەم کاتەشدا و لە داهاتووشدا نامانەوێت هیچ کوردێک وەک تێرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بۆیە داوا دەکەین و چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە ئەو کەسانە تا درەنگ نەبووە، لە ئەندامەتی هەموو دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیم بەتایبەت سپای پاسداران دوور بکەونەوە. ئەگەر تا دوێنێ بە هەر هۆیەک ئەندامی ئەم دەزگا و دامەزراوانە بوون، لەمەودوا هیچ بیانوویەک نەماوە، چونکە تاوانی ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تێرۆریست، بە هیچ بیانوویەک پاساوهەڵگر نییە\".

پاش خستنە ناوی سپای پاسداران لە گرووپە \"تێرۆریستییەکان\"، لە لایەن ئامریکاوە، حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران، پێشەوازی لەو بڕیارەی ئامریکا، کرد.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خاکەلێوە، دوناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، خستە ناو لیستی \"ڕێکخراوە تێروریستییەکانەوە.

ئەمە یەکەم جار کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێکخراوێکی نیزامیی دەوڵەتێک وەکوو گرووپێکی تێروریستی بناسێنێت و ئەم بڕیارەی دوناڵد ترامپ لە بەرەبەری یەکەم ساڵی چوونە دەرەوەی ئامریکا لە \"بەرجام\" بووە.

حدکا و سپای پاسداران لە سەرەتای هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە شەڕ و تێکەڵچوون دابووە و لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا، ئەم شەڕ و تێکەڵچوونانە، بەردەوام بووە.