حدکا گیان لەدەستدانی دوو پێـشمەرگەی ئەو حیزبەی پشتڕاست کردەوە

20:11 - 19 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا، گیان لەدەستدانی دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبەی لە شەڕدا، پشتڕاست کردەوە.

دەزگای فەرماندەییی حدکا لە ڕاگەیەندراوێکدا، گیان لەدەستدانی دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبەی لە شەڕ لەگەڵ حکوومەتی ئێرانی پشتڕاست کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوی دەزگای فەرماندەییی حدکادا هاتووە: دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبە کە لە تێکەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە رێکەوتی ١٩ لەسەر ٢٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە کێلەشین بە برینداری کەوتبوونە دەستی رێژیم لەو رۆژانەدا شەهید کراون.

شوناسی ئەو دوو پێشمەرگەیە، بە ناوەکانی ئەحەد شەبابی و ناسر عەزیزی (هەژار) خەڵکی شاری مەهاباد ڕاگەیاندراوە.

هێندێک لە ماڵپەڕە نافەرمییەکان، بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەری هەواڵەکانیان نووسیانە کە ئەو دوو پێشمەرگەی حدکا، پاش بەدیلگیرانییان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە لایەن سپای پاسدارانەوە لە شاری ورمێ، ئێعدام کراون.

لەو بارەوە، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی حدکا، ئێعدامکردنی ئەو دوو پێـشمەرگەیەی ڕەت کردووەتەوە.