حدکا ڕاگەیەندراوی قەرارگای حەمزەی سپای پاسدارانی وەدرۆ خستەوە

14:57 - 20 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەیی هێزە پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، شەڕ و تێکەڵچوونی نێوان هێزەکانی ئەم حیزبە و سپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە.

فەرماندەی هێزە پێشمەرگەی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕوو لە خەڵکی کوردستان ڕایگەیاندووە:\" هاونیشتمانانی کوردستان و هەموو میدیاکان ئاگادار دەکەینەوە، کە شەوی ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، تێکەڵچوونێک لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاکێو لە ناوچەی شنۆ رووی دا، کە لە ئاکامدا ٩ پاسدار کوژران و ١٨ی دیکەش بریندار بوون.

راگەیەندنەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و هێندێ میدیای دیکە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا دەنگۆی شەهیدبوونی ٧ پێشمەرگەیان ڕاگەیاندبوو، بۆیە لەو پێوەندییەدا وێڕای وەدرۆخستنەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ زیانێک وەبەر هێزی پێشمەرگە نەکەوتووە و پێشمەرگەکانی کوردستان بە سڵامەت درێژەیان بە ئەرک و مەئموورییەتەکانی خۆیان داوە.

ڕۆژی ڕابردوو ١٩ی جۆزەردان، قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، باسی لە کوژران و برینداربوونی ٧ پێشمەرگەی کرد.

قەرارگای حەمزە ئیددعای ئەوەی کردووە، کە هێزەکانی سپای پاسداران لەو شەڕدا، هیچ کوژرا و بریندارێکیان نییە، بەڵام فەرماندەیی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان باسی لە زەرە و زیانی قورسی بەرکەوتووی سپای پاسداران لە لایەن پێشمەرگەکانی ئەو حیزبەوە کردووە.

پاش ڕاگەیاندنی \"ڕاسانی ڕۆژهەڵات\" لە نەورۆزی ٩٥ لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، چەندین شەڕی تێکەڵچوون لە نێوان هێزەکانی ئەم حیزبە و سپای پاسداران هاتبووە ئاراوە.