حدکا پشتیوانیی خۆی بۆ گشتپرسی کوردستان ڕاگەیاند

22:17 - 25 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە یەكێکە لە حیزبە سەرەکیەکانی کوردستانی ئێران، پشتیوانی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە ئەرکێكی نەتەوەیی ناوبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیکدا، بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەڕێوەچوونی سەربەخۆیی لە ٢٥ی سێپتامبری ئەمساڵدا، بە بڕیارێکی نەتەوەیی و مافێکی مرۆڤی و مەشروعی نەتەوەیی کورد زانی.

ئەم حیزبە سەرەکیەی کوردستانی ئێران جەختی لە یەکگرتوویی هێزە کوردییەکانی کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێران کردووەتەوە.
حیزبی دێموکرات گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستانی بە \"بوژانەوەی کۆماری کوردستان\" دەزانێت.

ئەم حیزبە بۆ پشتگیریکردن لە سەربەخۆیی کوردستان کەمپەینێکی لەژێر \" ناوی بەرەو دەوڵەتی کوردستان\" دروست کردووە.

سەرەڕای دژایەتیەکانی دەوڵەتانی ئێران و تورکیە، ئامریکا ،گشتپرسی لە ٣ی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٢٤ لە شاری مەهاباد دامەزراوە و ڕێبەریی جوڵانەوەی دێموکراتیکی کوردستانی ئێرانی لە ئەستۆ گرتووە.

ئەم حیزبە توانی بۆ یەکەم جار دەوڵەتی کوردی لە کوردستانی ئێران دابمەزرێنێت کە بە ناوی کۆماری کوردستان ئەم دەوڵەتە ناسراوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە یەکێک حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران دەژمێردرێت.