حدکا پاش ساڵێک، شەهیدبوونی هەشت پێشمەرگەی خۆی لە شەڕی قەرەسەقەل و کۆساڵان پشتڕاست کردەوە

20:59 - 25 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش یەک ساڵ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهیدبوونی ٨ پێشمەرگەی خۆی لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی قەرەسەقەل و کۆساڵان ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش تێپەڕینی یەک ساڵ بە سەر شەڕی ساڵی ڕابردووی پێشمەرگەکانی \"حدکا\" لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسدران، ئەو حیزبە شەهیدبوونی هەشت پێشمەرگەی خۆی لەو شەڕانەدا ڕاگەیاند.

حیزبی دێموکرات ناوی ئەو ٨ پێشمەرگەیەی بەم چەشنە ڕاگەیاندووە:

\"بێهزاد پیرۆتی، عەلی(شەماڵ) مەحموودی، مێهدی شێخی، ئەفشار سوورە،
بەرزان حوسێنی، ساحێب حوسێنی و هیوا قوربانی\"
٢ کەس لەو پێشمەرگەکانه لە شەڕی قەرەسەقەلی شاری شنۆ و ٦کەسی دیکەش لە شەڕی کۆساڵان‌دا شەهید بوونە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو باریەوە نووسیوویەتی: ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕ، مستەفا هیجری سکرتێری ئەو حیزبە چاوی بە بنەماڵەی ئەو شەهیدانە کەوتووە و هەواڵی شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگانەی پێ ڕاگەیاندوون\".

حیزبی دێموکرات ئەوەشی پشتڕاست کردووەتەوە کە پاش یەک ساڵ بەدواداچوون بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی ئەو پۆلە پێشمەرگانە، هیچ نیشانەیەک لە زیندوو مانەوەی پێشمەرگەکانی دەست نەکەوتووە.

نەورۆزی ساڵی ڕابردوو، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسی لە قۆناغێکی نوێ لە خەباتی و چالاکی خۆی بە ناوی\"ڕاسان\" کرد و لەو پەیوەندییەدا چەند شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە و سپای پاسداران لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕووی دا.

٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، یەکەمین شەڕی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ سپای پاسدران لە گوندی قەرەسەقەلی سەر بە شاری شنۆ ڕووی دا و دووهەمین شەڕیش لە مانگی پووشپەڕی هەمان ساڵدا لە شاخەکانی کۆساڵان لە ناوچەی سەوڵاوا هاتە ئاراوە.

لەو شەڕانەدا، ١٩ کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهیدبوون و هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسدران کوژرا و بریندار بوون.

هێندێک لە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حیزبی دێموکرات بەوە تاوانبار دەکەن کە بە پشتیوانی هێندێک لە وڵاتانی ناوچەکەی دەستی داوتە جمۆجۆڵ و خەباتی چەکداری، بەڵام ئەو حیزبە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.