٥ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ٥ی ڕێبەنداندا لە کوردستانی ئێران ڕوویان داوە

11:03 - 6 رێبەندان 2719

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئاماری پێشێکاریی مافی مرۆڤ بە شێوەی ڕۆژانە دەخاتە بەر باس.

ئەو ئامارە بە پشتبەستن بە هەواڵی بڵاوکراوە لەلایەن ئاژانسی کوردپا و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، بڵاو دەکرێتەوە.

کاریکاتۆریستێكی مەریوانی بە ناچار ئێرانی بەجێ هێشت

"نەهرۆ مینوویی"، کاریکاتۆریستی خەڵکی مەریوان، بەهۆی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە زێدی خۆی بەجێ هێشت.

ئەو کاریکاتۆریستە تەمەن ٣٣ ساڵەیە، بەهۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندا بووە و دواتر ناچار بووە کە ئێران بەجێ بهێڵێت.

ئەو کاریکاتۆریستە مەریوانییە، خوێندکاری دەرچووی بواری مێعمارییە و بنەماڵەکەی لە مامۆستایانی مەریوانن و بە هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئێران، بەهۆی پشتیوانی لە بزوتنەوەکانی کوردستان، لەسەر کار دەر کراون.

لاوێکی مەریوانی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندان کرا

ڕۆژی شەممە، ٥ی ڕێبەندان، لاوێکی کورد بە ناوی "سەلمان ئەفرا" کوڕی "ڕەحمەت"، خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەم لاوە کوردە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە دادگای سەرەتاییدا بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا، ئەم حوکمە دەسەپاوە بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە. پاش تەئیدی کۆتایی حوکمی ئەم لاوە لە دادگای پێداچوونەوەدا، ناوبراو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا.

گوشارهێنان بۆ ٣ چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی دەسبەسەرکراوی کورد بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ

بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، "لەیلا تیراندری"، چالاکی مەدەنی، هەنووکە لە ٢٨ـەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیدایە. بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە لەو ماوەیەدا تەنیا جارێک توانیویانە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ لەیلادا هەبێت.

دەوترێت کە بارودۆخی جەستەیی "لەیلا تیرئەندەری" نالەبارە و لەو چاوپێکەوتنە چەند خولەکییەدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، هێزی قسەکردنی نەبووە و برینێکی زۆر لەسەر جەستە و ڕووخساری بەرچاو کەوتووە.

"لەیلا تیرئەندەری"، پەرستار و بەڕێوەبەری پێشووی کۆمیتەی ژنانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی، لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانبار، بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا و  دواتر دەسبەسەر کرا.

ناوبراو ڕۆژانە بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و شەوانە بۆ کانوونی  "ئیسڵاح و تەربییەتـ"ـی ئەو شارە گەڕێندرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە "ئارمان وەفایی"، هاوژینی "لەیلا تیرئەندەری" هێشتا دەسبەسەرە. بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانبار، پاش دوو مانگ دەسبەسەری بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە. دەوترێت ئەو ژن و مێردە کوردە، بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندان.

هاوکات "پەریسا سەیفی"، خوێندکار و چالاکی فەرهەنگی و هونەریی کورد، ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە هەنووکەدا لە گرتنگەی "شارامفەر"ی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە، لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

ڕاپۆرتەکان باس لە گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە سەبارەت بە دانپێدانانی زۆرەملێ دەکەن.