١٩٥ حاڵەتی خۆکوژیی لە شاری مەهاباد ڕووی داوە

15:01 - 8 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٩٥ حاڵەتی خۆکوژیی لە شاری مەهاباد ڕووی داوە، کە زۆربەی ئەو کەسانی هەوڵی خۆکوژیان داوە، تەمەنیان لە نێوان ١٥ هەتا ٣٤ ساڵ بووە.

بەرپرسی تۆڕی بێهداشت و دەرمانی شاری مەهاباد ڕایگەیاندووە: ١٩٥ حاڵەتی خۆکوژیی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە شاری مەهاباد ڕووی داوە و لەو ١٩٥ کەسە، ١١ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

سامرەند مەرزڕەنگ، هۆکارەکانی خۆکوژیی هاووڵاتییانی لە شاری مەهاباد بۆ کێشەی ئابووری و بنەماڵەیی و خراپ ڕوانین لە ژیان و ..... زانیوە.

ئەو بەرپرسەی بێهداشت، هەروەها ئاماژەی بە خۆکوژیی ساڵی ڕابردوو کرد و ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو ٤٣٠ حاڵەتی خۆکوژیی لە شاری مەهاباد ڕووی داوە و ١٤ کەس بە هۆی خۆکوژییەوە گیانیان لە دەست داوە و لە کۆی ئەو ١٤ کەسە ٥ کەسیان ژن و ٩ کەسیان پیاو بوون.