حامید فەرازی: دەسەڵات لەزاتی خۆیدا مەیلی پاوانخوازی هەیە

15:42 - 16 بەفرانبار 2713

 

ئاژانسی كوردپا: دەوڵەتی \"تەدبیر و ئومید\"‌ی حەسەن روحانی، دوای تێپەڕینی سەد رۆژ بەسەر دەسەڵاتەكەیدا، رەشنووسی \"مافی شاررومەندی\" بڵاو كردەوە و داوای لەسەرجەم خاوەن رایان، رێكخراوە و دامەزراوەكان كرد كە را تێبینییەكانی خۆیان لەو بارەیەوە بخەنەروو و پێیان رابگەیەنن.
هەر چەند لەسەرەتاوە ناوەڕۆكی ناو ئەو بڵاوكراوەیە لەگەڵ دەنگی جیاوازی گرووپ و رەوتە سیاسی و مافی مرۆڤ و كۆمەڵایەتییەكان بەرەوڕوو بوویەوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا وەكوو میدیایەکی سەربەخۆ و بێ‌لایەن لەهەوڵی وەرگرتنی بیروڕاكان و بڵاو كردنەوەی بۆ بەردەنگانیەتی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی كوردپا وتووێژێكی لەگەڵ حامید فەرزای ، ئەندامی شۆرای ناوەندی و یەكێک لەدامەزرێنەرانی بەرەی یەكگرتووی كورد پێكهێناوە.

كوردپا: بە چاوپۆشی کردن لەفەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتی و یاسای رێزگرتن و پاراستنی مافی هاووڵاتی بوون، كە پەسەند كراوی ساڵی ١٣٨٣یە، روانینتان بۆ گەڕەنتی بەڕێوەچوونی ئەو بەرنامەیەی دەوڵەتی یازدەهەم بە چ شێوەیەكە؟

حامید فەرزای: هیچ یاسا یان پەسندكراوەیەكی باش لەلایەن دەسەڵاتێكی پاوانخوازەوە گەڕەنتی جێبەجێ‌كردنی لێ ناكرێ‌، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندی سیستمەكە دابین بكات و یان سیستەم یان هێزێكی دیكە ناچاری بكات، گەڕەنتی جێبەجێ‌كردنی دەبێت.

لەراستیدا دەسەڵات لەزاتی خۆیدا مەیلی پاونخوازانەی هەیە و لە سەرجەم سیستمە سیاسیەكانی جیهان ئەو تایبەتمەندییە بەدی دەكرێت و نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین كە كەسانی دەسەڵاتدار بە مەیلی خۆیان واز لەبەرژەوەندییەكانیان بێنن، بەڵكوو ئەوەی سرنج راكێشە ئەوەیە كە چۆن دەكرێ‌یاسا یان سیستمێك دابڕێژرێ‌و هێزی پاوانخوازی لەناو كۆمەڵگەدا كەم بكاتەوە و بەرای من چالاك كردنی كۆمەڵگای كوردستان یەكێک لەو رێگایانەیە.

كوردپا: هەر چەندە ناوەڕۆكی ئەو رەشنووسە فەرمیی نیە، بەڵام ئێوە و هاوكارەكانتان لە بەرەی یەكگرتووی كوردا وەكوو چالاكانی سیاسی و مەدەنیی چی رێكارێكتان بۆ بە یاسایی كردن و گونجاندنی مافی بە كۆمەڵی خەڵكی كوردستان هەیە؟

فەرازی: ئێمە وەكوو بەشێک لەچالاكانی سیاسیی و مەدەنی و كوردستان و ئەندامانی بەرەی یەكگرتووی كورد لەو باوەڕەداین كە پێویستە لەوبارەیەوە هەڵویستمان هەبێت و سەرەتا ئەو رەشنووسەمان بە وردبینییەوە تاوتوێ بکەین. لەتێبینییەكانی خۆماندا باسمان لەوەكرد كە باشتر وایە وەكوو هەنگاوێكی ئەرێنی پەسندكراوەكانی ساڵانی پێشوو جێبەجێ‌بكرێن و دواتر دەكرێ‌ لەسەر پرسی نەتەوەكانیش قسە بكەین و هەمووی ئەوانەش پێویستی بە هەوڵ و ماندوو بوونی بێ‌وچان هەیە.

كوردپا: حكوومەتی ئیسلامیی لەماوەی ٣٥ ساڵی رابردوودا جەختی لەسەر ئەو سیاسەتە كردۆتەوە كە كوردەكانی تەنیا لەئوستانی كوردستاندا قەتیس كردۆتەوە، چوارچێوەی چالاكی كردنی چالاكانی سیاسی و مەدەنیی كورد لە ئوستانە كوردنشینەكانی دیكە بەتایبەت ئازەربایجانی رۆژئاوا لەگەڵ چ كێشە و ئاریشەیەک بەرەڕوون؟

فەرازی: راستە هەتا ئەو ساڵانەی دوایی وشەی كوردستان لەلای هێندی كەسی غەیری كوردا تەنیا جوغرافیایەكی بەرتەسك بوو كە خەڵكەكانی لە سەردەمێكی دیكەدا ژیان دەكەن و لەبیرمە كە یەكێك لەمامۆستاكانی زانكۆی ئیسفەهانیش ئەو رایەی هەبوو و تەنانەت لە زاراوەی كوردەكانی ئیلام و كرماشان تێ‌نەدەگەیشتین، دەزانین كە ئازەربایجانی رۆژئاوا شوێنی لەدایک بوون و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی كوردە و پێشتریش هێندی بەرنامە و سیاسەت بۆ بەرتەسک كردنەوەی ئەو ناوچەیە لەئارادا بووە، كوردەكان لەوێ‌لەدەسەڵات دا نین و زەخت و فشار بۆ سەر ناوەندە خەڵكییەكان رووی لەزیاد بوونەی و دوایین نمەنەش داخستنی دامەزراوەی فەرهەنگی ئەحمەدی خانی بوو.

كوردپا: ئەو رەشنووسە لەگەڵ رەخنە و دژایەتی بەرچاو رووبەڕوو بۆتەوە و لەو باوەڕەدان ناچێتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە، ئاخۆ كوردەكانی ئێران لەگەڵ رەشنووسێكی پێشنیاركراوی دیكەوە دەچنە ناو ئەو پڕۆسەیەوە یان كۆتلە و دەستەبەندییەكان پێش بەو رەوتە دەگرێت؟

فەرازی: راستییەكەی ئەوەیە كە من بەرهەڵستكارێكی بەو شێوەیەم لەكوردستان لەگەڵ ئەو رەشنووسە نەبینیوە، بەداخەوە كوردەكان هەتا ئێستا یەكدەنگ و یەكڕەنگ لەو باریەوە هەڵویستیان نەگرتووە و ئەوە بۆ خۆی دەرخەری بۆشایی خەباتی مەدەنیی لەكوردستانە و ئێمە وەكوو بەرەی یەكگرتووی كورد بەیانییەكەی رەخنەی‌مان بڵاوە كردۆتەوە و ژمارەیەک كەسایەتی دیكەش رەخنەیان لەو رەشنووسە گرتووە.

كوردپا: باس لە چاوپێكەوتنی مانگی پێشووی كوردەكان و هەیئەتی پارلمانی ئورووپا لەتاران بكەن و دوایین هەوڵەكانی دامەزراندنی حیزبێكی كوردستانی بە كوێ‌گەیشت؟

فەرازی: ئێمە وەكوو كۆمەڵێك لەچالاكانی سیاسی و مەدەنی دوای هاتنی ئەو هەیئەتە بۆ ئێران سەردانمان كردن و ئەو كارەی كە ئێمە كرمان شتێكی دەگمەن بوو و پێتریش چالاكانی كوردلەناو خۆ نەیانتوانیبوو ئەو كارە ئەنجام بدەن و دەنگی خەڵكی كورد زیاتر بە كۆڕ و كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا بگەیەنن و ئێمە وتوانیمان نامەیەك پێشكەش بە جێگری مافی مرۆڤی ئوورپا بكەین و بەرگریی لە كۆمەڵگای كوردستان بكەین.

لەپێوەندیی مۆڵەتی دروست كردنی حیزبێكی نوێدا دەتوانم بڵێم بەرەی یەكگرتووی كورد دوای هەشت ساڵ مۆڵەتی فەرمیی پێ‌نەدراوە و ئەندامانی ئەو بەرەیە لەهەوڵی ئەوەدا بوون كە ناوی بگۆڕن و لەدوایین كۆبوونەوەماندا گەیشتینە ئەو ئەنجامە كە لەژێر ناوێكی دیكەدا چالاكی بكەین و بەناوێكی تازەوە داوای مۆڵەت بكەین و ئەو حیزبە نوێنەش هەر درێژەی سیاسەتەكانیە بەرەی یەكگرتووی كورد دەبێت و هەتا ئێستاش روون نیە كە مۆڵەتی پێدەرێت یان نا، بەڵام وەكوو دوایین زانیاری وەزارەتی ناوخۆی ئێران هەستیاری بە هێندی لە ئەندامانی بەرەی یەكگرتووی كورد نیشان داوە.

كوردپا: روانین و لێكدانەوەی حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران سەبارەت بە دیاری كردنی راوێژكاری حەسەن روحانی بۆ كاروباری \"اقوام\"ـەكان و رەشنووسی مافی شارومەندی چۆن هەڵدەسێنگێنن؟

فەرازی: بەرای من حیزبەكان نابێ‌نەرێنییانە چاو لەو چەشنە پرسانە بكەن، بەڵكوو حیزب و سەرجەم رەوتەكانی دیكە باشتر وایە ئەو بابەتانە وەكوو \"سووژەیەک(مژارێک)\" چاو لێبكەن هەتا بتوانن كۆمەڵگەی كوردی زیندوتر رابگرن هەتا لەو رێگەیەوە بكرێ‌هەنگاو بۆ پەرەپێدانی و گشتگیركردنی داخوازییەكانی خەڵكی كورد هەڵبگرن.

كوردپا: بەپێی ئەوەیكە ژمارەیەكی بەرچاو لەهاووڵاتیانی كورد لەبیاڤی مەدەنیی و سیاسیدا و هەروەها مافی مرۆڤدا چالاكیان هەیە و سەرەڕای ئەوەی لەناوچە كوردنشینەكانی ئێران رۆژانە چەندین حاڵەتی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ \"سیستماتیک\" روو دەدات، بۆ چی بەشێوەیەكی روون و یەكدەست ئەو پێشێڵكاریانە بەدەستی ناوەند و رێكخراوەكان نەگەیشتووە؟

فەرازی: بە باوەڕی من باشتر وایە لەبەكارهێنای ئەو دەستەواژانەدا وردتر بین چۆن چالاكییەكانمان لە كوردستان زۆر بەربڵاو نیە و بەشێوەیەكی یەكدەست و یەك سیاسەت نیە كە بتوانی بیروڕای خەڵكی كوردستان و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان بۆ لای خۆی رابكێشێت، راستە كە كۆمەڵگەی كوردستان زیندووە و كوردەكان كەسانێكی سیاسین بەڵام سەرەڕای ئەوانەش جێگای رێكخستنێكی گشتیی لەناوخۆ لەگەڵ بۆشایە بەرەوڕوویە.

من لەو چاوپێكەوتنە لەگەڵ نوێنەرانی ئوورپا بەو قەناعەتە گەیشتم كە ئێمە كەسانێكی شیاو و پێویستمان نیە كە دەنگی خەڵكی كورد بە گۆێ‌دەرەوە بگەیەنێ‌، بەڵام رێكخراوەكانی دەرەوەی وڵات هەتا چەندە توانیویانە ئەو كارە بكەین ئەوە شتێكی دیكەیە و من لێی ئاگادار نیم، دەزانین كە نوێنەرانی كورد لە مەجلیسیش بوێری ئەوەیان نییە كە بتوانن دەنگ هەڵببڕن و رێفۆرمخوازانی كوردیش \"گوتار\"‌یكی دیكەیان هەیە.

خەباتی مەدەنیی خەڵكی كوردیش لەكوردستانی ئێران شتێكی تازەیە و من لەوباوەڕەدام ئەو هەڵانەی كە دەدرێت تەنیا لەچوارچێوەی هەوڵدا ماونەتەوە، ئێمە نەتەوەیەكی سیاسین بەڵام ئەوە نابێ‌بە قەناعەتمان بگەیەنێ‌، من هیوادارم كە لەناوی كوردستان بتوانین بەسەر ئەو كێشانەدا زاڵ بین.

حامید فەرازی ساڵی ١٣٤٦ لەشاری بانە لەدایك بووە.

فەرازی لەساڵی ٦٧وە چۆتە زانكۆی سەنعەتی ئیسفەهان و بڕوانامەی ئەندازیاری بەدەست هێناوە.موهوندیس فەرازی ساڵی ١٣٧٨ دەستی بەچالاكی كردن لەكەرتی تایبەتدا كردووە و ئێستا وەكەە بەرپرسی كۆمپانیای \"شەتاوەكانی كوردستان\" لەبواری پڕۆژەكانی رێگاوبان، ئاو و دامەزراوەكان كە ناوەندەكانیان لەسنەیە، كردووە.

حامید فەرازی یەكێک لەدامەزرێنەرانی بەری یەكگرتووی كوردە.