جەیشولعەدل: ٦ مانگ پێش بەرنامەی ئەو عەمەلیاتەمان داڕشتبوو

16:10 - 25 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی جەیشولعەدل لە پێوەندی لەگەڵ تەقاندنەوەی ئوتوبووسی ئەفسەرانی سپای پاسداران لە جاددەی خاش ـ زاهیدان بەیانیییەکی بڵاو کردەوە.

ڕێکخراوی جەیشولعەدل لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە: \"گیان لەسەردەستەکانی عەدل دوای تاوتوێی ڕاست و دروستی هەڵبژاردنی ئامانجی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی ئەو عەمەلیاتە توانیان بە داڕشتنی بەرنامەیەکی ڕێکوپێک، ئەو عەمەلیاتە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەن. لەو عەمەلیاتەدا دوای هەڵبژاردنی شوێنی گونجاو و کەڵکوەرگرتن لە ماشێنێکی بۆمبڕێژکراو کە مەوادی تەقینەوەی زۆری تێدا دانرابوو لەسەر ڕێگای ئوتوبووس دادەنرێت و لە کاتی خۆیدا دەتەقێندرێتەوە\".

لە بەیانییەی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە: \'\'ئەو ئوتوبووسە ٤٠ کەس لە ئەفسەرەکانی سپای پاسدارانی تێدا بووە کە زۆربەیان بەو تەقینەوەیە کوژراون. جێگای ئاماژەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو بەرنامەیە ٦ مانگ پێش بەرنامەڕێژی کرابوو و بەپێی ئەوەیکە نۆرەی هەر شیفتێک لە ماوەی ٤٠ ڕۆژدا دەگۆڕدرا و هەندێک کێشەی دیکە عەمەلیاتەکە وەدوا کەوتووە\".

دوای ئەو عەمەلیاتەی ڕێکخراوی جەیشولعەدل، قەرارگای هێزی زەوینیی سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو عەمەلیاتەی تەئید کردووە و بڵاوی کردووەتەوە: \" تێرۆریستە تەکفیری و گۆپاڵ بەدەستەکانی سەر بە نیزامی ئیستکبار بۆ تاڵکردنی ژیانی خەڵکی ئێران، شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندان، ماشینێکی لە جۆری ئوتوبووس هەڵگری پاسدارەکانی ئیسلام دوای تەواوبوونی مەئموریەتی سنوورپارێزیان لە ناوچەدا کە لە کاتی گەڕانەوەدا بوونه لە جاددەی خاش ـ زاهیدان دەکرێنە ئامانج\".

هەواڵدەریی \"تەسنیم\" لە زاری سەرچاوەکانی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە هەتا ئێستا ٢٧ کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران کوژراون.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو حیزب و لایەنانەی کە بۆ دابینکردنی مافی خەڵکی بەلووچستان خەبات دەکەن وەک \"تێرۆریست\" لە قەڵەم دەدات.