"جەوانمیر مورادی"، چالاکی کرێکاری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

17:31 - 23 بەفرانبار 2720

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار، "جەوانمیر مورادی"، چالاکی کرێکاری و خەڵکی شاری "کرماشان"، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی "دێزڵئاوا" ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوونی لە یەکێک لە گرووپەکانی دژبەری نیزام" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو ئەندامەی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە لە ڕێگەی تەلەفوونەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە نزیک کرماشان بانگهێشت و پاش سەردانی شوێنی پڕۆژەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکە کرێکارییە، بە دەست بەستراوی بردووبیانە ماڵەکەی خۆی و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.