جەوانمیر مورادی، چالاکی کرێکاری، بۆ دادگای گشتی و ئینقلابی کرماشان بانگهێشت کرا

10:16 - 26 بەفرانبار 2720

"جەوانمیر مورادی"، چالاکی کرێکاری، بۆ لقی ٤ی لێپرسی دادگای گشتی و ئینقلابی کرماشان بانگهێشت کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، لە ڕێگای بانگهێشنامەیەکی ئێلێکترۆنیکی کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، بەدەستی گەیشتووە، ٥ ڕۆژ دەرفەتی هەیە کە بۆ دوایین داکۆکی لە خۆی، لە لقی ٤ی لێپرسی دادگای گشتی و ئینقلابی کرماشان ئامادە بێت.

"جەوانمیر مورادی"، بە "ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری نیزام و بانگەشە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار، ئەو چالاکە کرێکارییەی خەڵکی کرماشان، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی "دێزڵئاوا" ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوونی لە یەکێک لە گرووپەکانی دژبەری نیزام" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو ئەندامەی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە لە ڕێگەی تەلەفوونەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە نزیک کرماشان بانگهێشت و پاش سەردانی شوێنی پڕۆژەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکە کرێکارییە، بە دەست بەستراوی بردووبیانە ماڵەکەی خۆی و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.