\"جەمیل توران\" نووسەری کورد خەڵاتەکەی پێشکەش بە گەلی کورد کرد

16:09 - 18 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: جەمیل توران، نووسەری ڕۆمانی \"ناوم ئازادە\" خەڵاتی یونسکۆی وەرگرت و خەڵاتەکەی خۆی پێشکەشی گەلی کورد کرد.

جەمیل توران بازیدی، نووسەری خەڵکی ناوچەی ئاگری لە باکووری کوردستان بە هۆی نووسینی ڕۆمانی \"ناوم ئازادە\" خەڵاتی یونسکۆی وەرگرت.

ناوم ئازادە لە ساڵی ۲۰۱۵دا بە زمانی یونانی نووسرا و خێرا بۆ زمانگەلی ئینگلیسی و سپانیایی وەرگێڕدرا. ڕۆمانەکە بەسەرهاتی بنەماڵەیەکی قوربانیی کارەساتی هەڵەبجە دەگێڕێتەوە کە دەربازی ئێران و پاشان تورکیا و لەوێشەوە ئورووپا دەبن.

هۆکاری هەڵبژاردنی ڕۆمانەکە بە پێی بڕیارنامەکەی یونسکۆ بریتییە لە نواندنەوەی فەرهەنگی گەلی کورد بە شێوەیەکی باش و گشتگیر لە بەرهەمەکەدا.

جەمیل توران، ساڵانێکە نیشتەجێی وڵاتی یونانە و تا ئێستا چەندین بەرهەمی تری بڵاو کردووەتەوە کە زۆربەیان بە زمانی یونانین.

توران، وەک پرۆفێسۆر کۆچەر بیرکار، خەڵاتەکەی پێشکەشی گەلی کورد کرد.