جەماڵ مروەتی پاش ١٧١ ڕۆژ بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

11:29 - 12 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، جەماڵ مروەتی هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری بانە، پاش ١٧١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

جەماڵ مروەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە "هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار و ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر"  بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠، جەماڵ مروەتی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەگەڵ توندوتیژی و لێدانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە، کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، ئەو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، ڕاگوێزرابوو.