جەماوەری کورد بۆ رزگارکردنی زرێبار رژایە سەر شەقام+وێنە

16:01 - 25 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: بارودۆخی نالەباری گۆلی زرێبار لە شاری مەریوان، رێپێوان و پشتیوانیی هاووڵاتییانی کوردی ئەو شارەی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای بانگەوازی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، هەزاران کەس بە بەشداری کردن لە رێپێوانێکدا کە لەسەر رێگەی مەریوان بەرەو زرێبار بەڕێوەچوو، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵێکی خیرا لەمەر رزگارکردنی گۆلی زرێبار راگەیاند.

ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە رۆژی رابردوو بە سروودی \"خۆشم ئەوێی وڵاتەکەم\" لە مەیدانی بێسارانییەوە هەتا گۆلی زرێبار بەڕێوەچوو.

لە رێوڕەسمی \"رۆژێکم بۆ زرێبار\" پەیامی ئەنجومەنی سەوزی چیا لەلایەن عیرفان حوسێنی‌‌یەوە خوێندرایەوەو فەرمانداری مەریوان و بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزیی ئوستانی کوردستان و مەحموود موبارەکشاهی چەند وەتەیەکیان پێشکەش کرد.

مەحموود موبارەکشاهی، کۆبوونەوەی پشتیوانی لە زرێباردا، ئەو گۆلەی بە شوناسی ناوچەی کوردستان و ئیکۆتوریسمی مەریوان وەسف کرد و رایگەیاند؛ زرێبار هێڵی سوورە و ئەم مەسەلەیەش دەبێ لە رای گشتیدا بکرێتە پرسێکی جیددی.

ئەنجومەنی سەوزی چیا بڵاوی کردۆتەوە، نزیک بە ١٠ هەزار کەس لە رێپێوانی پشتیوانی لە گۆلی زرێباردا بەشدارییان کردووە.

بەشدارانی ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییەی رۆژی هەینی، رێکەوتی ٢٤ی رێبەندان بە واژۆکردنی تۆمارێک، بەڵێنییان داوە کە لە هەوڵێک بۆ رزگارکردنی گۆلی زرێبار درێخی نەکەن.

پێشکەش کردنی چەند پارچە مۆسیقا، گوڵباران کردنی زریبار لەلایەن گلایدرێەکانی مەریوان، دووچەرخە سواری بە مەودای ٣٥ کیلۆمیتر، نمایش کردنی شانۆی سەر شەقامی \"زاتی مرۆڤ لە سروشتدا\" و هەڵپەڕکێی کوردی چەند برگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەی پشتیوانی لە رزگار کردنی گۆلی زرێبار بوون.

دەگوترێت، کە ژینگەپارێزانی کورد لە شارەکانی دیکەی وەکوو بانە، سەقز، جوانرۆ، قوروە، نۆدشە، کامیاران، پاوە، سنە روانسەرەوە لە رێپێوان و کۆبوونەوە جەماوەرییەی رزگار کردنی گۆلی زرێباردا بەشداریی چالاکانەیان بووە.

حەفتەی رابردووش، ئەنجومەنی سەوزی چیا، هاورێ لەگەڵ ئەنجومەنە ژینگەپاریزییەکانی دیکەی کوردستان و لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی تاڵاوەکاندا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوەو خوازیاری پشتیوانیی هاووڵاتییانی کورد لە گۆلی زرێبار بوون.

لەماوەی یەک مانگی رابردوودا چەندین وتار و بابەتی جۆراوجۆر لە میدیا و بڵاڤۆکەکانی کوردستانو ئێراندا بڵاو بوونەوە کە تیایدا کەمتەرخەمیی و نابەرپرسیارەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەمەڕ لەناوچوونی گۆلی ورمێ و زرێبار کردبوو.

\"24763.jpg\"

\"24762.jpg\"

\"24764.jpg\"

\"24752.jpg\"

\"24760.jpg\"

\"24751.jpg\"

\"24750.jpg\"

\"24754.jpg\"

\"24753.jpg\"

\"24758.jpg\"

\"24756.jpg\"

\"24757.jpg\"

\"24755.jpg\"