جەلال ئەمینی بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا

12:14 - 14 خەرمانان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەلال ئەمینی" خەڵکی شاری بۆکان، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەرمانان، ئەو هاووڵاتییە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژ،  هێزە ئەمنییەتییەکان بە داخستنی جاددەی "میراوا" بۆ بۆکان ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگرت و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.

جەلال ئەمینی هاوژینی عەزیمە ناسری، زیندانیی سیاسیی پێشوویە کە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو و مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر و پاش چەند مانگێک لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرابوو.