"جەبار دوستی" چالاکی سێنفیی مامۆستایان بە کەفاڵەت ئازاد کرا

18:03 - 31 جۆزەردان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٣١ی جۆزەردان، "جەبار دوستی" ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، بە کەفاڵەت لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

ئەو چالاکە سێنفییە بە کەفاڵەت هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەریوان ئازاد کراوە.

"جەبار دوستی" پاش لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بەڵگەی یاسایی چوونە ماڵی ئەو چالاکە سێنفییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە، هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان وەک لەب‌تاب و مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو مامۆستا کوردە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، "جەبار دوستی" بەبێ بەڵگەی یاسایی پێش لە کۆبوونەوەی سەرتاسەریی مامۆستایان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.