جێگیرکردنی هێزەکانی نیزامی، ئەمنییەتی و هێزەکانی دژەشۆڕش لە مزگەوتی گوندی "نێ"

12:37 - 4 خاکەلێوه 2722

پاش چوار ڕۆژ لە هێنانی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان بۆ گوندی "نێـ"ـی مەریوان، لەمەڕ پێشگرتن بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو گوندە، هەنووکە ئەو هێزانە لە مزگەوتی نێ جێگیر کراون.

هاووڵاتییانی خەڵکی نێ بە ئاژانسی کوردپا ڕایانگەیاندووە: "ئەو هێزانە لە مزگەوتی نێ جێگیر کراون و ئیزن بە دانیشتوونی ئەو گوندە نادەن بچنە مزگەوتەکە نوێژ بکەن".

سەرچاوەکانی کوردپا لە نێ ئەوەشیان خستە ڕوو، هێنانی ئەو هێزانە و جێگیرکردنیان لە مزگەوت، فەزاییەکی ئەمنییەتییان بە سەر ئەو گوندەدا زاڵ کردووە.

ئەو سەرچاوانە هەروەها دەڵێن؛ دانیشتوانی گوندی نێ، لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا، لەگەڵ ئەو ‌هێزانە تیکهەڵچوونه و هێزەکانی حکوومەتی لە ترسی خەڵکی گوندەکە لە مزگەوتە نایەنە دەرەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاندووە دوێنی چوارشەممە ٣ی خاکەلێوە، یەکێک لە هێزە نیزامییەکان ڕووی لە دانیشتووانی گوندی نێ ڕایگەیاندووه کە ئێمە دەتوانین هەموو شار و گوندێک کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام تکایە ئێوە کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنن.

 هەر چەندە لە بەرەبەری جەژنی نەورۆز بەرپرسانی حکوومەتی لە شاری مەریوان هەوڵیاندا، نەورۆزی ئەمساڵ لە گوندی نێ خۆیان بەڕێوەی ببەن و خەڵکی ئەو گوندە بەشداری تێیدا بکەن، بەڵام خەڵکی ئەو گوندە بایکۆتی ئەو نەورۆزیان کرد و ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، خەڵکی گوندی نێ خۆیان ئامادەکاری جەژنی نەورۆزیان کرد، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتی، نیزامی و دژه شۆڕش، هێرش کرایە شوێنی بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی جەژنی نەورۆز لەو گوندە و پێشیان بەو ڕێوڕەسمە گرت.

نەورۆزی گوندی نێ لە ئاستی کوردستاندا بە بێ‌وێنە لە قەڵەم دراوە و چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەو ڕێوڕەسمەیان بە سەرمەشق و ئۆلگووی رێوڕەسمە نەورۆزییەکانی دیکە لە قەڵەم داوە.