جێگیربوونی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت لە قوتابخانەیەکی کچانە لە سەقز

18:34 - 6 بەفرانبار 2722

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا باسی لە جێگیربوونی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی لە قوتابخانەیەکی ناوەندیی کچانە لە شاری سەقز کرد کە لەنێو خەڵکدا بە قوتابخانەی ئەندێشەی پێشووی کچانە ناسراوە.

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هێزە سەرکوتکەرەکان هەتا کاتژمێر ٢ی بەیانی واتە تا کاتی تەواوبوونی شیفتی نیگابانییەکەیان لە هێندێک لە پۆلەکان و ژووری نوێژکردنی ئەو قوتابخانەیە، دەمێننەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە، قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە هەتا ئێستا دوو جار لە ڕۆژدا و لە کاتی کرانەوەی قوتابخانە، هێزە سەرکوتکەرەکانیان بینیون.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە سەرکوتکەرەکان کە ڕێژەیان زیاتر لە ٥٠ کەس دەبن، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە شوێنێکی نادیارەوە ڕەوانەی سەقز دەکرێن و لە نزیک ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان و فەرمانداریی سەقز دادەبەزێن.