جێگری هاوئاهەنگیی فەرماندەیی زەوینی سپا، هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی وەکوو \"تەمبێکردن\" ناو برد

16:35 - 27 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: جێگری هاوئاهەنگیی فەرماندەییی زەوینی سپای پاسداران، بە ئاماژەکردن بە هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، لە خاکی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە هەڕەشەی لەم حیزبە کرد.

عەلی‌ئەکبەر پوورجەمشیدیان، لە وتووێژێکدا لە \"دفاع پرس\" بە ئاماژەکردن بە هێرشی مووشکیی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حدکا ڕایگەیاند: \"هێزە چەکدارەکان بەتایبەتی سپای پاسداران بەو هێزەی کە هەیانە، دەتوانن لە هەر بارودۆخێکدا، لە کاتێک کە وڵاتی ئێران تووشی هەڕەشە بێت، ئەو هەڕەشانە بەهێزەوە وڵام بداتەوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: ئەو هێزەی کە لەم کردەوەدا لە لایەن نیزام و سپای پاسدارانەوە دژ به حدکا ئەنجام درا، نیشان دەدات کەسانێک کە لە دەرەوەی وڵاتدان، بێگومان ئەم پەیامەیان وەرگرتووە؛ که ئەگەر بچووکترین جووڵەیەک دژ به وڵاتەکەمان بکەن، لەگەڵ مستی ئاسنینی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی ئیسلامی بەرەوڕوو دەبنەوە.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانان، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە مووشەکباران کرا، کە لەو مووشەکبارانەدا، ١٥ کادر و پێشمەرگەی حیزب کوژران و ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

پاش ئەم هێرشەی سپای پاسداران، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان، بەپێی بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات، مانگرتنێکی گشتییان خستە ڕێ، کە لەگەڵ دژکردەوەی توندی هێزە ئیتلاعاتییەکان بەرەوڕوو بوونەوە.