جێگری بان كی مۆن: رۆژانە 100 هاووڵاتیی غەیرە نیزامی دەبنە قوربانی

19:02 - 10 رەشەمه 2711
كوردپا: یەكێك لە لێپرسراوانی پایەبەرزی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، رۆژانە سەد هاووڵاتیی مەدەنی لە سووریە دەكوژرێن و رێژەی قوربانیان گەیشتۆتە نزیك بە 8 هەزار كەس.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە نێت بڵاوی كردۆتەوە، لین باسكۆ جێگری سیاسیی بان كی مۆن لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا رایگەیاندووە، لە سووریە رۆژانە 100 غەیرە نیزامی دەكوژرێن كە زۆرێكیان لە ژن و منداڵ پێكهاتوون.

لین باسكۆ ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە \"مەئمووریەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كۆتایی هێنان بە كوشتاری خەڵكی سووریە لەگەڵ شكست بەرەوڕوو بووە و حكوومەتی سووریەش نابی وا بیر بكاتەوە كە لێپێچینەوەی لێ‌ ناكرێت\".

لەلایەكی دیكەشەوە دژبەرانی سووریە رایانگەیاندووە، خەڵكی دیمەشق و دەورووبەری شەوی رابردوو لە چەندین شوێن دەستیان داوەتە خۆپیشاندتی دژ بە حكوومەت.

لە ماوەی یەك حەفتەی رابردوودا خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكوومەتی سووریە لە دیمەشق زۆر بەربڵاو بووە و بە دەیان كەس بوونەتە قوربانی.