جیابوونەوەی ژن و مێرد لە سەردەشت خۆکوژی لێکەوتەوە

15:30 - 14 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ژنێک لە یەکێک لە ئاواییەکانی سەردەشت بە هۆی جیابوونەوە لە مێردەکەی دەستی دایە خۆکوژی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٣ی رەزبەر لە ئاوایی \" مەراغان\"ی سەر بە سەردەشت، ژنێک بە ناوی ئارەزوو محەممەدپوور کچی ئومید بە هۆی جیابوونەوە لەهاوسەرەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو ژنە کوردە لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاندووە، ئارەزوو خەڵکی ئاوایی \" قولەسوێر\" بووە و لەگەڵ گەنجێکی ئاوایی مەراغان هاوسەرگیری کردبوو.

پێشتر لێپرسراوی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتی لە سەردەشت باسی لە چوونەسەری لە سەدا ٣١ جیابوونەوەکان کردبوو.

ساڵی ١٣٩٣، ٤٦ حاڵەتی جیابوونەوە لە ناوچەکانی سەردەشت تۆمار کراوە.