جووتیارێکی دیکەی کورد بوو بە قوربانیی تەقینەوەی مین

15:16 - 21 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بە جێماوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی شاری دێهلوڕان جووتیارێک بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٠ سەرماوەز، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی \"چەم هێند\"ی شاری دێهلوڕان لە پارێزگای ئیلام ، کە شۆفیری تەراکتۆر بووە، لەکاتی کێڵانی زەویدا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە لای چاو و دەست و لاقییەوە بە سەختی بریندار بوو.

هەروەها، لەو ڕووداوەدا تەراکتۆری ئەو جووتیارە بە هۆی تەقینەوەی مینەکەوە لە نێوەڕاستدا دوو لەت بووە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە دێهلوڕانییە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ڕانەگەیەنراوە.

شاری دێهلوڕان لە ڕووی پانتاییەوە گەورەترین شاری ئیلام و دووهەمین شارە لە ڕووی حەشیمەتەوە کە زۆرترین سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی عێراقدا هەیە.

ساڵانە لە ئاستی جیهاندا زۆرێک لە هاووڵاتییان، کە زۆربەیان خەڵکانی مەدەنی و سڤیلن، گیانی خویان بە هۆی مینە چێنراوەکان لەدەست دەدەن یان کەمئەندام دەبن.

بەپێی ئامارە جیهانییەکان، لە ٧٠ وڵاتی جیهاندا، ٦٠ هەتا ٧٠ میلیۆن مینی چێندراو بوونی هەیە و هەروەها ساڵانە ٣٠٠ هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین دەبن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان دروستکردنی هەر مینێک ٣ دۆلار تێچووی هەیە، ئەوە لە کاتێکدایە کە، کۆکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی مینەکان نزیکەی ٣٠٠ هەتا ١٠٠٠دۆلار تێچوو هەڵ دەگرێت، و ئامارەکانیش ئەوە نیشان دەدەن کە، زۆربەی کەسانی زیان دیتوو لە تەقینەوەی مین، خەڵکانی جووتیار و ئاژەڵدارن.