جوانڕۆ/ دەرنەچوونی زێراوی شارۆچکەی پیشەیی هاووڵاتیانی نەخۆش خستووە

21:32 - 29 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: بێسەروبەرەیی زێراوی شارۆچکەی زەفەری شاری جوانڕۆ و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ئەو شارە، نیگەرانیی هاووڵاتیانی بەنیسبەت پەرەسەندنی نەخۆشین لێ‏کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ستاندارد نەبوونی زێڕاوی شارۆچکەی پیشەیی لە شاری جوانرۆ، بووەتە هۆی تەشەنە سەندنی جۆرێک نەخۆشینی پێستی و هاووڵاتیانی دانیشتووی گەڕەکەکانی نیزیک لەو شارۆچکەیە پیشەییەی نیگەران کردووە.

شوێنی دەرچوونی زێراوی شارۆچکەی پیشەیی شاری جوانڕۆ، پاش تێپەڕین لە نیزیکەی ئەو شارۆچکەیە، بەرەولای گەڕەکەکانی دەورووبەر و شوێنی نیشتەجێ‏ بوونی هاووڵاتیان و هەروەها شوێنی کایەی منداڵانی ئەو گەڕەکانە دەڕوات.

بەپێی ئەو وێنانەی کە هەواڵنێری کوردپا لە شاری جوانڕۆوە ناردوویە، دۆخی زێراوی دانەپۆشراوی شارەکی پیشەیی جوانڕۆ زۆر نالەبارە و منداڵێکی دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکەکانی نیزیکی شارۆچکەکە، بەو هۆیەوە تووشی نەخۆشینی پێست بووە.

بە وتەی بنەماڵەی ئەو منداڵە، پزیشکەکان پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان بەهۆی بوونی ئەو زێراوەوە تووشی نەخۆشینی \"سالک\" بووە.

\"29196.jpg\"
ناوبراو لە درێژەدا گوتی : \"دۆخی گەڕەکی ئێمە بە هۆی نزیکایەتی لە شارۆچکەی پیشەیی زەفەرەوە بووەتە بەستێنێکی لەبار بۆ زاوزیی مشکەکان و پەرەسەندنی جۆرەکانی میکرۆب و تەنانەت کاریگەریی خراپی لەسەر ڕووەکەکانی ئەو دەوروبەرەش هەبووە.

یەکێکی دیکە لە دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیە بە کوردپای ڕاگەیاند کە چەندین جار فەرمانداری و شارەوانی و تەنانەت شوورای شاری جوانڕۆمان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی دەڵێن کە هیچ بەرپرسایەتییەکیان بە نیسبەت ئەو زێڕاوانەی کە لە شار دەچنە دەرەوە نیە و پەیوەندی بەوانەوە نیە.

ڕووبەری گشتیی شارۆچکەی پیشەیی جوانڕۆ، نزیکەی ٨٠ هێکتار دەبێت کە فازی یەکەمی ئەو شارۆچکەیە بە ڕووبەری ٢٠ هێکتار، لە سێ ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ کراوە .

\"29193.jpg\"