جاوید ڕەحمان: نیوەی زیندانییانی سیاسی لە ئێران، کوردەکان پێکی دێنن

17:06 - 1 رەشەمه 2719

"جاوید ڕەحمان"، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ئێران ڕایگەیاندووە کە نیوەی زیندانییانی سیاسی کە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" دەسبەسەر کراون، کوردن و لە ماوەی ٨ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر لە ٣٥٢ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کراون.

ئەو ڕاپۆرتە لە ٤٣یەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە ڕێکەوتی ٢٤ی فێڤرییە بەڕێوە دەچێت، بڵاو دەکرێتەوە.

ڕێکەوتی ٩ی مانگی مارس، "جاوید ڕەحمان"، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی  نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی پێشکەش دەکات بە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژێنێف.

لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژێنێف، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژێنێف چەند وتەیەک سەبارەت بە بارودۆخی کۆڵبەران پێشکەش دەکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژێنێف یەکێک لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانە کە ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشکەشی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت.