جان كێری لەگەڵ بڕیاری چاوەدێری كردن بەسەر پرسی مافی مرۆڤی ئێران هاوڕایە

13:09 - 12 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: بەرپرسی دەزگای دیپلۆماسیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێیوایە پێویستە ماوەی مەئمووریەتی راپۆرتێری تایبەتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا درێژ بكرێتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ژنێڤی سویس و لە كۆبوونەوەی ساڵانەی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پرسی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ لەئێران لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە هاتۆتە بەر باس.

جان كێری لە قسەكانیدا باسی لە دۆخی سیاسیی وڵاتانی شەڕ لێدراو كردووە و بە شێوەی زمنی (ناراستەوخۆ)‌ش پشتیوانی لە درێژەكردنەوەی مەئمووریەتی ئەحمەدشەهید لە ئێران كردووە.

وەزیری دەرەوەی حكوومەتی ئەمریكا بە حوكمی ئەوەی كە كۆبوونەوەی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكات بووە لەگەڵ دانوستانە ناوكییەكانی ئێران، خۆی لە رەخنەی زۆر توند بە نیسبەت پرسی مافی مرۆڤ لەئێران بواردووە
كێری لە درێژەی قسەكانیدا دەوڵەتی سووریای بە ئەنجامدانی جینایەتی جەنگی و كوشتی خەڵكی مەدەنی تاوانبار كردووە و دەوڵەتی ئەسەدی بە هۆكاری سەرەكیی هەڵگیرسانی شەڕ و نائارامیی لە سووریادا لە قەڵەم داوە.

٢٨ـەمین كۆبوونەوەی ساڵانەی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ١١ی رەشەمەوە هەتا ٨ی خاكەلێوەی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت‌و تێیدا سیاسەتی دەوڵەتەكان و مافی مرۆڤ، مافی منداڵان، توندوتیژی دژی ژنان، سزای سێدارە، مافی كەمئەندامان، هەڵاواردنی رەگەزی و گۆڕانە ناوچەییەكان باس دەكرێت.

\"25094.jpg\"
لە كۆبوونەوەی ساڵانەی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پرسی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ لەئێران لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە هاتۆتە بەر باس
لەو دانیشتنەدا دوو بڕیارنامە سەبارەت بە هاوكاریی ئێران لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمەڕ پرسی مافی مرۆڤ و هەروەها درێژكردنەوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید خراوەتە بەر دەنگدانەوە.

ماویەک لەمەوبەریش ناوەندەكانی داكۆكیی لەمافی مرۆڤ لەئێران و بە لەبەر چاو گرتنی باشتر نەبوونی دۆخی مافی مرۆڤ، داوایان لە شۆرای مافی مرۆڤ كردووە كە ماوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید درێژ بكرێتەوە.

شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی خاكەلێوەی ئەمساڵ بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری مەئمووریەتی ئەحمەد شەهیدی بۆ كاروباری مافی مرۆڤی ئێران هەتا مانگی مارسی ٢٠١٥(خاكەلێوەی ١٣٩٤) درێژ كردەوە.

شۆرای مافی مرۆڤ ساڵی ٢٠١١ ئەحمەد شەهید وەزیری پێشووی مادیوی وەكوو رێپۆرتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤی ئێران دەستنیشان كرد.

حكوومەتی ئێران هەر لەو كاتەوە هەتا ئێستا لەگەڵ دیاریكردنی شەهید بۆ ئەو پۆستە دژایەتی كرد و ئیزنیشی پێنەداوە سەردانی ئێران بكات.

وەزیری پێشووی دەرەوەی مالدیو بە چوارەمین راپورتێری تایبەتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دۆخی مافی مرۆڤی ئێران دێتە ئەژمار و بەپیچەوانەی ئیدیعانەی ئێران، ئەو دەوڵەت لەگەڵ سێ‌راپورتێرەكەی دیكەش كێشەی هەبووە.
یەكەمین راپورتێری تایبەتی مافی مرۆڤ ئاندریا ئاگویلار بوو كە ساڵی ١٩٨٦ دوای دوو ساڵ چالاكی بە هۆی هێندێ‌كێشە كە حكوومەتی ئێران بۆی دروستكرد وازی لە كارەكەی هێنا.