جارێکی دیکە هەڵەی پزیشکی قوربانی لێ کەوتەوە

21:04 - 10 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵەی خەڵکی شاری سنە بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژ، منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵە بە ناوی \"پرسام عەزیزی\" خەڵکی شاری سنە، سەر لە بەیانیی ڕۆژی هەینی بە هۆی نەخۆشینی هەڵامەت و کۆکەوە، بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵەوە گیانی لەدەست دا.

\"\"ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٠ ساڵە لە نەخۆشخانە بێعسەتی شاری سنە لە سەر بڕیاری پزیشکی ئەو نەخۆشخانە، پاش لێدانی دەرزی\" دێگزامتازۆن\" بووراوەتەوە و هەتا دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە لە بەخشی \"ئای سی یوو\" ڕاگیراوە و هەوڵی پزیشکەکان بۆ چارەسەریی ئەو منداڵە بێ‌ئاکام بوو.

شایانی باسە کە هێشتا هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو منداڵە بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکەکانەوە، پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، زانکۆی علووم پزیشکیی پارێزگای سنە، سەبارت بە مردنی گوماناویی ئەو منداڵە بەیاننامەیەکی ٦ خاڵیی بڵاو کردووەتەوە.

لە خاڵی دووهەمی ئەو بەیاننامەیەدا، دەڵێت: بنەماڵەی ئەو منداڵە، پێش لە هێنانی کوڕەکەیان بۆ نەخۆشخانە، شووشەیەک دەرمانی ڕووەکی سروشتییان دەرخواردی ئەو منداڵە داوە و هۆکاری بوورانەوەی ئەو منداڵە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە.

خاوەن‌ڕایان، نەبوونی کادری شارەزا و پسپۆڕی پزیشکیی و دەرمانی و کاری لەڕادەبەدەری پزیشکان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان، بە هۆکارەکانی زیادبوونی هەڵەی پزیشکی لەقەلەم دەدەن.

بەپێی یاسا، ئەگەر کەمتەرخەمیی دوکتور ببیتە هۆی زیانی گیانی بۆ نەخۆش، دەبێ دیەکەی بدات.