جاریكی دیكەش تێكهەڵچوون لەنێوان خەڵكی نەغەدە و هێزە ئینتزامییەكان درووست بوو

06:06 - 25 سەرماوەز 2711
كوردپا: هێزە ئینتزامییەكان بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتن و زەوت كردنی كەڵوپەلی كاسبكاران دەچنە نەغەدە و لە ئەنجامدا لەگەڵ بەربەرەكانی خەڵكی بەرەوڕوو دەبنەوە.

هەواڵنیرمان لە شاری نەغەدەوە رایگەیاند، رێكەوتی 23‎ی سەرماوەز، ماشێنی كاسبكارێك لە ترسی ئەوەی كە هێزە ئینتزامییەكان بارەكەی لێ‌زەوت نەكەن روو دەكاتە گەرەكییەكی شاری نەغەدە و لەلایەن خەڵكی ئەو شوێنەوە داڵدە دەرێت.

هێزە ئینتزامییەكان خەڵكی ناچار دەكەن كە شوێنی حەشاردانی ئەو كاسبكارە كوردە ئاشكرابكەن، بەڵام لە ئەنجامدا هاووڵاتییان بەربەرەكانی دەكەن و تێكهەڵچوون درووست دەبێت.

بەپێی هەواڵی هەواڵنیرمان، 8 كەس لە هاووڵاتیانی كورد لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە دەستبەسەر دەكرین.

ناوی یەكێك لە دەستبەسەركراوەكان ئیسماعیل پیرنیا خەڵكی ئاوایی \"تەڕكەش\"ی سەر بە شاری پێرانشارە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی ئەو 7 كەسەی دیكە نەزانراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی 22‎ی سەرماوەز هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی كۆ كردنەوەی ماهوارە دەچنە گوندەكانی حەڵبێ‌ و كوویكان لە ناوچەی سندوسی نەغەدە و لە ئەنجامی بەربەرەكانی خەڵكی، تێكهەڵچوون دێتە ئاراوە.

لە ئەنجامی ئەو تێكهەڵچوونەدا هێزە ئینتزامییەكان ناتوانن هیچ ماهوارەیەك زەوت بكەن.