جادەی کرماشان - هەرسین بووە بە جادەی مەرگ بۆ هاووڵاتییانی کورد

17:15 - 16 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: جادەی نێوان کرماشان – هەرسین، بەهۆی ناڵەباریی و ناستاندارد بوونەوە، مەترسی بۆسەر گیانی هاووڵاتییانی کورد دروست کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر بەڵێنییەکانی وەزیری رێگەوبان، کێشەکانی جاددەی کرماشان _ هەرسین کە یەکێک لە رێگەکانی نێوان ئوستانی کرماشان و ئوستانی \"لوڕستان\"یش دێتە ئەژمار، بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.

ئەو جادەیە بە درێژایی ٢٠ کیلۆمیتر دەکەوێتە نێوان شاری کرماشان بۆ هەرسین، کەلە چەند ساڵ پێش ئیستاوە بڕیاری پان کردنەوە و نۆژەن کردنەوەی لەلایەن وەزیری رێگەوبانەوە دراوە، بەڵام هەتا ئیستا ئەو بەڵێنییە نەچۆتە بواری جێ‌بەجێ کردنەوە.

لەلایەکی دیکەوە \"مەحموود ئەحمەدی نژاد\" سەرکۆماری حکوومەتی ئسلامیی ئێران لە دەوری یەکەمی سەفەرە ئوستانییەکانی خۆیدا بۆ ئوستانی کرماشان، لە پەسندکراوێکدا بڕیاری نۆژەن کردنەوەی ئەو جادەیەی دابوو.

هاووڵاتییانی شاری کرماشان رایانگەیاندووە، خراپ بوونی ئەو جادەیە لە کاتێک دایە کە رێگەی سەرەکیی بە شیرکەتی \"پێترۆشیمی\"ی ئوستانی کرماشانە و رۆژانە رێژەیەکی بەرچاو لە ماشێنی قورس و نیوە قورس لەو رێگەیەوە هاتوچۆ دەکەن، کە بەهۆی تەسک بوونی ئەو جادەیە هەموو رۆژێک ترافیکی قورس دروست دەبیت.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئیدارەی پزیشکی قانوونیی ئوستانی کرماشان بڵاوی کردەوە کە تەنیا لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ هەتا کۆتایی مانگی سەرماوەز ٤٥٢ هاووڵاتی لە جاددەکانی ئوستانی کرماشاندا بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.

لە درێژەی ئەو ئامارەدا هاتووە کە لەو ماوەیەدا ٨ هەزار و ٥٣٥ کەسیش لە رووداوەکانی هاتوچۆدا بەتوندی بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی پزیشکی قانوونی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە نوێترین ئاماری خۆیدا بڵاوی کردەوە کە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی سەرجم ۱۹ هەزار و ۸۹ هاووڵاتی لە ئێراندا بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.