جاددەکانی مەرگ لە کوردستان، گیانی دوو خوێندکاری کوردیان ئەستاند

14:45 - 20 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو خوێندکاری کورد خەڵکی شاری بۆکان، لە جاددەی نێوان میاندووئاو و مەهاباد\"، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو خوێندکاری کورد، خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی \"موحسێن ئەمین پوور\" و \"پوویا فەلاحیی بۆکانی\"، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست دا.

ئەو دوو خوێندکارە کوردە، ئەندازیاری ڕشتەی مێعماری لە زانکۆی ڕەشت لە باکووری ئێران بوونه.

ئەو دوو خوێندکارە کوردە، لە کاتی ئەو ڕووداوەدا خەریکی ئامادەکردنی \"تێزی زانکۆ\" لە بەشی مێعماری بوونە.

موحسێن ئەمین پوور و پوویا فەلاحیی بۆکانی، هەروەها لە بواری ئاسەواری کۆن، مێژوو، و موسیقای فولکوور کوردی، کاریان دەکرد.

لە لایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوودا، لە جاددەی پاوە و ڕوانسەر، بە هۆی پێکدادانی دوو ماشین لە جۆری \"پێژۆ\" ٧ هاووڵاتیی کوژران و بریندار بوون، کە لەو ڕووداوەدا ژنێک، دوو پیاو و منداڵێکی سێ ساڵە، گیانیان لە دەسدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نێونجی کوژران و برینداربوونی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران ٢٣ هەتا ٢٧ هەزار کوژراوه لە ماوەی یەکساڵدا یه و هاوکات ٢٥٠ هەزار برینداریشی لێکەوتووەتەوەکە دەکرێ بڵێین هەر ساڵ بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ئێران ڕوو دەدات.