تەیموور ئەلیاسی: یاساکانی کۆماری ئیسلامی وتاری نفرەتهێنەر و توندوتیژ بڵاو دەکەنەوە

10:37 - 12 سەرماوەز 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی سەرماوەز، چواردەیەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر پرسی "پێشگیری لە شەڕ و پاراستنی مافەکانی مرۆڤی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان" لە ژنێڤ بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، "ته‌یموور ئه‌لیاسی" نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان- ژنێڤ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وتارێکی لەسەر پرسی دۆخی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە ئێران پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "لە کاتێکدا یاسای نێونەتەوەیی ئەندامانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە هەر چەشنە توندوتیژی دەپارێزێت، یاساکانی کۆماری ئیسلامی وتاری نفرەتهێنەر و توندوتیژ بڵاو دەکەنەوە و بکەران و پێشێلکەرانی مافەکانی مرۆڤ لە بەرزترین ئاستدا خەڵات دەکرێن و دەپارێزرێن".

نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان- ژنێڤ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژەدانی سیاسەتی سەرکوتکردنی گەلانی بندەست، تووشی هەمان ئاڵنگاری و شەڕ و چارەنووسی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وەک سووریە و عێراق و وڵاتانی دیکە دەبێت. بە گەیشتن یان نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا لەسەر چەکی ناوکی، ئێران ناتوانێت لەلایەکەوە لە دەرەوەی وڵات درێژە بە دروستکردنی قەیران و شەڕ و پشتیوانی لە گرووپە توندڕۆکان بدات و لە ناوەوەی وڵات درێژە بە ئەنجامدانی تاوانی گەورە دژی گەلانی ژێر ستەم بدات و لە هەمان کاتدا چاوەڕوانی ئارامی و ئاسایش بکات".