تەیموور ئەلیاسی: شاندی حکوومەتی ئیسلامی لە شۆرای مافی مرۆڤ، جارێکی‌تر هەوڵیاندا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەلارێدا ببەن

18:26 - 10 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی وڵاتانی ئەندام لە شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتی سویس، بیست و حەوتەمین دانیشتنی ئەو شۆرایە لەسەر تاوتوێ کردنی راپۆرتی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ژنێڤ لە حاڵی بەڕێوەچووندایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو دانیشتنە کە رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر دەستی پێکردووە، شاندێکی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە سەرپەرشتیی جەواد لاریجانی بەرپرسی ستادی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی تێیدا بەشداری کردووە.

لەو دانیشتنەدا، کە کارنامەی چوار ساڵەی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لەسەر مافی مرۆڤ خراوەتە بەر باس، دۆخی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیدا لەگەڵ رەخنەی نزیک بە تێکڕای وڵاتانی بەشدار بەرەوڕوو بۆتەوە.

نوێنەری وڵاتانی وەک، ئەفریقای باشوور، ئیسپانیا، سوید، ئینگلیس، ئەمریکا، ئۆرۆگووە، ئارژانتین، ئوسترالیا، ئۆتریش، بەحرەین، بەرازیل، کاستاریکا، قیبرێس، دانیمارک و پاراگووە، رەخنەیان لە دۆخی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا گرتووە.

ئەو وڵاتانە خوازیاری لابردنی هەڵاواردن لە هەمبەر نەتەوە جیاجیاکانی ئێران، هەڵوەشانەوە و راگرتنی حوکمی لەسێدارەدان، ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی و رۆژنامەنووسان، کۆتایی هێنان بە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان، لەبەر چاوگرتنی مافی کەمینە مەزهەبی و نەتەوەکان لە وڵاتی ئێراندا بوون.

تەیموور ئەلیاسی نوێنەری هەمیشەیی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ، لەو پەیوەندییەدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە کاتێکدا حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لە دانیشتنی چوار ساڵ پێش ئێستادا ١٢٦ راسپاردەی شۆرای رێکخراوی مافی مرۆڤی لەمەڕ باشتر کردنی رەوشی مافی مرۆڤ پەسند کردووە، نە تەنیا هیچکام لەو راسپاردانەی جیبەجێ نەکردووە، بەڵکوو دۆخی مافی مرۆڤ بەتایبەت لە ماوەی یەکساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو خراپتر بوونیش چووە\".

\"22958.jpg\"
تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ
ئەحمەد شەهید لە نوێ‌ترین راپۆرتی خۆیدا لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، کەلە مانگی ژووئیەی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی هەتا مانگی ژوئەنی ٢٠١٤، لانیکەم ٨٥٢ کەس لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لەسێدارە دراون.

تەیموور ئەلیاسی لەو پەیوەندییەدا گوتی، سادق لاریجانی لە وڵامی رەخنەی وڵاتاندا سەبارەت بە زۆریی رێژەی لەسێدارەدان گوتی؛ لەسەدا ٨٠ی ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە زەوت دەکرێن لە وڵاتی ئێران دەستیان بەسەردا دەگیرێ، هەربۆیە شتێکی ئاساییە کە لەسەدا ٨٠ی سزادانەکانیش لەو پەیوەندییەدا بن و کەوابوو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێ سوپاسی کۆماری ئیسلامی بکات\".

ئەلیاسی سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەندام لەسەر مافی کەمینە نەتەوەکان گوتی؛ وڵاتانی فەڕانسە، ئۆتریش، ئۆسترالیا، سوید و هۆلەند بە راشکاوانە باسیان لە هەڵاواردن دژ بە نەتەوە جیاجیاکانی وڵاتی ئیران کردو راشیانگەیاند؛ کە هەڵوێستی وڵاتانی بەشدار لەسەر مافی نەتەوەکان و کەمینە مەزهەبییەکان، لە دوای پرسی لەسێدارەدان، دووەمین باسی دانیشتنەکە بوو.

تەیموور ئەلیاسی ئەوەشی خستەڕوو، شاندی حکوومەتی ئیسلامی میکانیسمی (یو.پی،ئاڕ)ی دڵخوازانە و پیرۆز وەسف کردووە، بەڵام لە راستیدا هەوڵیاندا بۆجارێکی دیکە رای گشتیی وڵاتانی دەرەوە لەهەمبەر دۆخی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڵاڕێدا ببەن\".

ناوبراو گوتیشی سەرەڕای پاساوی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە ٩٠ وڵات بە توندی رەخنەیان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گرت و سەرلەنوێ راسپاردەیان پێشکەش بە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کرد و بڕیارە رۆژی سێ‌شەممەی داهاتوو شاندی ئێرانی بە ئەرێ یان نەخێر لەمەڕ پەسندکردنی ئەو راسپاردانە، وڵام بداتەوە\".

ئەو بەرپرسەی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو: بۆ یەکەمجار باسی مینی دژە نەفەر لەلایەن نوێنەری وڵاتی بوسنی‌یەوە لە شۆرای مافی مرۆڤ هاتە ئاراوەو رایگەیاند؛ سەرەڕای ئەویکە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پەیماننامەی ئۆتاڤای واژۆ نەکردووە، لەمەڕ هەڵگرتنەوەی ٢٠ ملوێن مینی دژە نەفەر لە وڵاتەکەیدا هەنگاوێکی ئەوتۆی هەڵنەگرتووە.

ئەلیاسی گوتیشی؛ بڕیارە شاندی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ واژۆکردنی پەیماننامەی ئۆتاوا، لە رۆژی سێشەممەی داهاتوودا هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێ\".

نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ گوتیشی، \"ماوەی ساڵێکە لەگەڵ پێنج رێکخراوی نێونەتەوەیی لەسەر میکانیسمی (یو.پی. ئاڕ) کار دەکەین و راپۆرتێکمان لەسەر پرسی نەتەوەکان و مینی دژە نەفەر) پێشکەشی شۆرای مافی مرۆڤ کردووە\".