تەیموور ئەلیاسی: بڕیارنامەیەک لە دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ئێران لەلایەن ڕێكخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دەردەکرێت

21:03 - 3 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف، پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە بنکەی سەرەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخاتە بەرباس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف، لە پەیوەندیی لەگەڵ پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئامریکایی و نوێنەرانی وڵاتانی دیکە لە بنکەی سەرەکیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیدار و چاوپێکەوتنی کرد.

ئەو چالاکە مافی مرۆڤییە، کە لە ماوەی یەک حەوتوودا لە دانیشتنەکانی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بوو، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: \"ئامانجی من لە هاتنم بۆ ئامریکا بەشداری لە دانیشتنەکانی کومیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە\".

ناوبراو دەڵێت: \"لەو دانیشتنانەدا جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، یەکەمین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو کردەوە و لەو ڕاپۆرتەدا، پڕژایە سەر بارودۆخی نەتەوەکانی ئێران و پێداگری لە سەر ئەوە کرد کە زۆرترین ئاماری ئێعدامەکان لە ئێران، بۆ کوردەکان تەرخان کراوە\".

تەیموور ئەلیاسی هەروەها دەڵێت: \"جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە لە سێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی کردە و بڕیارە، بڕیارنامەیەک لە پەیوەندیی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران دژی ئەو حکوومەتە دەربکرێت.

نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف، بە ئاماژە کردن بە هەواڵەکانی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی نوێنەرانی وڵاتانی دیکە لە دەرکردنی ئەو بڕیارنامەیە لە دژی ئێران ڕوونی کردەوە: \"ئێمە لەگەڵ نوێنەرانی جۆراوجۆری وڵاتەکان و هەروەها بەرپرسانی ئامریکایی لە واشنگتۆن بۆ پشتیوانی لەو بڕیارنامەیە، دیدار و چاوپێکەوتنمان کرد\".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: \"لەو ماوەیەدا، دانیشتنێک سەبارەت بە پرسی ئێعدام لە ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو و ئێمە توانیمان بە دانی ئامار و داتای ئێعدام لە کوردستان نیشان بدەین کە کوردەکان یەکەمین قوربانی ئێعدام و سەرکوتن لەو وڵاتەدا\".

تەیموور ئەلیاسی هەروەها ڕایگەیاند: \"لە سەردانمان بۆ وڵاتی ئامریکا لەگەڵ چەندین میدیای نێونەتەوەیی، سەبارەت بە چالاکییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران_ژنێف و پرسی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان وتووێژگەلێک ئەنجام دەدەین.