"تەپەخاری" و هەڕەشەکردن لە ئەندامێکی شورای شاری سنە لەلایەن سپای پاسدارنەوە

10:39 - 28 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: ناوەندەکانی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە سنە، چەند تەپۆڵکەیەک هەڕاج فرۆش دەکەنە کەسانێکی بەرژەوەندیخواز و سەر بەو دوو ناوەندە.

بەپێی ‌هەواڵێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سنە بڵاو بووەتەوە، تەپۆڵکەکانی "قوپاڵ (مەلا حوسێن)، پیرچنار، پیرغەریب، کوچکەڕەش" و چەند تەپۆڵکەیەکی دیکەی سنە لەلایەن ناوەندەکانی ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە بە دەستوپەیوەندییەکانی خۆیان و بەرژەوەندیخوازان هەرزان فرۆش دەکرێت.

ئەندامێکی شورای سنە، لە کورتە بابەتێکدا لە تۆڕەی کۆمەڵایەتیی "تێلێگرام" نووسیویەتی: "لە ئەگەری درێژەدان و پێداگری لەسەر فرۆشتنی نایاسایی ئەو تەپۆڵکانە، هەموو وردەکارییەکانی بۆ هاووڵاتییان دەخەمە بەر باس".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "تووش نەوزەڕ کە مێژوویەکی کۆنی هەیە، سپای پاسداران دەستی بەسەردا گرتووە و بە هاوکاریی سەید بەهادین حوسێنی، ناوی تووش نەوزەڕی گۆڕیوە بە ئەڵڵاهوئەکبەر".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "سپای پاسداران تەپۆڵکەی کۆچکەڕەشی تێکداوە و "تەغیری کاربریـ"ـی داوە و کردوویە بە شوێنی نیشتەجێبوون و ئیدارەکانی سەر بە سپای پاسداران".