تەوحید دەروێش، تۆمەتبار بە "موحاربە" لە زیندانی تەورێز لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە
تەوحید (لوقمان) دەروێش، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "گرناویک" سەر بە بەخشی قوتووری شاری خۆی، لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر لە شاری تەورێز دەسبەسەر و لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارەوە، بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.
ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بەهۆی بەشداری لە ئاگردانی یەکێک لە بانکەکانی شاری تەورێز دەسبەسەر کردووە و بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئازار و ئەشکەنجەیان داوە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکان لە پێدانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەمەڕ دۆسییەکەی خۆیان دەبوێرن و تەنیا ڕایانگەیاندووە کە تۆمەتی وەحید "موحاربە"یە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: دادگا بەهۆی هۆکاری ئەمنییەتی دژایەتی لەگەڵ وەرگرتنی پارێزەر بۆ دۆسییەی ئەو هاووڵاتییە دەکات.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: تەوحید دەروێش لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، چەند جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و هەر جارە ناچار کراوە بە زمانی فارسی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات.
ئەو سەرچاوە ئاگادار دەڵێت: کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی وەحید دەروێش ڕێکەوتی ٣ی بەفرانبار بە ئامادەبوونی پارێزەری دیاریکراو لە لایەن دادگاوە، لە دادگای ئینقلابی تەورێز، بەڕێوە دەچێت.
تەوحید دەروێش تەمەن ٢٧ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و شوفیری ئێسنەپە. بنەماڵەی دەروێش پاش بوومەلەرزەی ڕەشەمەی ١٣٩٨ و لەدەستدانی خانووەکەیان ناچار بە بەجێهێشتنی گوندەکەیان بوون و لە شاری خۆی نیشتەجێن.