تەنیا نەخۆشخانەی ئابدانان ئاوی نیە

13:42 - 12 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: نەخۆشخانەی ٣٢ تەختی شارستانی ئابدانان لەئوستانی ئیلام کە لەم ڕۆژانەدا وردیلەکانی تۆز و خۆڵ ژیانی خەڵکی تێکداوە، بێ ئاوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن نەخۆشخانەی شاری ئابدانان پاش ئەوەی لەساڵی ١٣٩٢وە دەستی بەکار کردووە، ئاوی خواردنەوەی پچڕاوە.

بەرپرسی نەخۆشخانەکە وتوویەتی، لەحاڵی حازردا ئاوی تەنیا نەخۆشخانەی شاری ئابدانان پچڕاوە و دوو تەنکێری ٦٤ هەزار لیتری ئاو لەو نەخۆشخانەیە بەتاڵن.

ئەو بەرپرسە وتوویەتی: هەتا ئێستا چەندین جار ئەو کێشەیە لەگەڵ ناوەندە پێوەندیدارەکان باس کراوە بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بە دواوە نەبووە.

نەبوونی ئاو لەنەخۆشخانەی ئابدانان لەحاڵیکدایە کە بە وتەی هاووڵاتیان، نەخۆشخانەکە چەندین بەشی وەکوو ژنان، ICU،  CCU، منداڵان، سۆنۆگرافی، رادیۆلۆژی و دیالیزی لە خۆ گرتووە.

نەبوونی حەوشە، خاکی و خۆڵاوی بوونی جادەکە و کەمی هێزی مرۆیی لە کێشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکەن.

شارستانی ئابدانان ٥٥ هەزار حەشیمەتی هەیە و بە یەکێک لەشارەکانی کوردنشینی ئێران دێتە ئەژمار کە لە ٢٢٠ کیلۆمیتری باشووری ئیلام هەڵکەوتووە.