تەنیا لە کرماشاندا ١٤٥٠ کەس گیرۆدەی \"ئێم ئێس\"ن

20:52 - 10 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی ئەنجومەنی نەخۆشینی \"ئێم ئێس\"ی پارێزگای کرماشان، وێڕای درکاندنی هەواڵی \"بوونی ١٤٥٠ کەس لەم پارێزگایە کە تووشی نەخۆشینی ئێم ئێسن\"، وتی: تێچووە زۆرەکانی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە، تووشبوانی وەزاڵە هێناوە.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری مێهدی کەرەمییەوە بڵاوی کردەوە؛ ئەم ١٤٥٠ کەسە کە تەمەنیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٤٠ ساڵە، بەهۆی کێشە و گرفتی ماڵییەوە ناتوانن تێچووی چارەسەرکردنیان بدەن.

نیزیک بە ٧٥%ی تووشبووان بەم نەخۆشییە لە توێژی ژنانن.. .

سەرۆکی ئەم ئەنجومەنە لە درێژەدا وتی؛ ئەو تێچووانەی کە نەخۆشەکان دەبێ وەئەستۆی بگرن بریتین لە: تێچووی دەرمانە بیانییەکان، کە زۆر گرانە، تێچووی کڕینی دەرمانە تەواوکەرەکان، تێچووی چارەسەری پاراکلینیک و ئەنجامدانی بەردەوامی تاقیکارییەکان، تێچووی بەشداری کردن لە ساڵۆنە وەرزشییە تایبەتەکان.

نەخۆشینی \"ئێم ئێس\" (Multiple sclerosis)، نەخۆشییەکی مەترسیدارە کە کاریگەری لەسەر بەشی مێشک و بڕبڕەی پشت دادەنێت و بەهۆیەوە مرۆڤ تووشی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ، بینین، هاوسەنگی و هەستەکانی دەبێت.

بەپێی دوایین ئامارەکانی فێدراسیۆنی جیهانی ئێم ئێس، وڵاتانی ئوروپایی و ئامریکا زۆرترین ڕێژەی تووش بوون بەم نەخۆشییەیان هەیە، و لە ئێراندا، لەنێوان هەر ١٠٠ هەزار کەس، ٥٠ کەس تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، و بەم پێیەش پلەی یەکەمی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە.

ئەم فێدراسیۆنە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٩دا، ڕۆژی ٢٧ی مانگی مەی وەک ڕۆژی جیهانیی ئێم ئێس ناساند، تا بەم شێوەیە خەڵکی جیهان لە هۆکار و مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە ئاگادار بکەنەوە.
\"30727.jpg\"

\"30728.jpg\"