تەندیسی\"خاڵۆی کۆماسی\" لە شاری مەریوان ڕوونوێنی کرا

12:38 - 30 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی فەرهەنگیی کوردستان، تەندیسی خوڵقێنەری بەرهەمی ئەدەبیی \"گڵگۆی تازەی لەیل\"یان لە پارکی شانۆی شاری مەریوان ڕوونوێنی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی. لە یەکێک لە پارکەکانی شاری مەریوان، تەندیسێک بۆ شاعێری ناوداری کورد، ئەحمەد بەگی کۆماسی دانرا.

هۆنینەوەی شێعرێک بە زاراوەی هەورامی لەلایەن ئەو شاعێرە کوردەوە بە ناوی \"گڵگۆی تازە لەیل\" بۆ خێزانەکەی، ناوبانگێکی ناوچەیی و جیهانی بۆ ئەحمەد بەگی کۆماسی درووست کرد.

پەیکەری ئەو شاعێرەی سەدەی ١٩، لەلایەن هونەرمەندی شێوەکار سەلاح حەسەنی دروست کراوە و بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە شاعێران، نووسەران و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی کوردستان لە شاری مەریوان ڕوونووێنی کرا.

ئەنجومەنی فەرهەنگی_ئەدەبیی شاری مەریوان و شۆرای ئەو شارە ئەرکی سەرەکیی ئەو ڕێوڕەسمەیان لە پارکی شانۆ لە ئەستۆ بوو.
خوێندنەوەی پەیامی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری مەریوان، خوێندنەوەی شێعر و لێدوانی یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری مەریوان و ڕێزلێنان لە هەوڵەکانی سەلاح حەسەنی بۆ دروست کردنی ئەو پەیکەرە، بەشێک لە ڕێووڕەسمی پەردەلادان لە تەندیسی ئەو شاعیرە ناودارەی کورد بووە.

دروست کردن و دانانی ئەو تەندیسە لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە کۆنگرەی ئەحمد بەگی کۆماسی بڕیاری لەسەر درابوو.

ئەحمەد بەگی کۆماسی ناسراو بە\"خاڵۆی کۆماسی\" لە ساڵی ١٧٩٣ی زایینی لە گوندی\"بەردە سپی\" سەر بە شاری مەریوان لەدایکبووە و لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا لە ساڵی ١٨٧٦ی زایینی کۆچی دوایی کردوە.

ناوبراو لەگەڵ شاعیری نەمر مەولەووی کورد پەیوەندییەکی نزیکیان پێکەوە هەبووە.

\"تندیس
تەندیسی\"خاڵۆی کۆماسی\" لە شاری مەریوان ڕوونوێنی کرا

\"تندیس
تەندیسی\"خاڵۆی کۆماسی\" لە شاری مەریوان ڕوونوێنی کرا