تەندیسی باشترین گۆرانیبێژی تیتراژی فیلمی ئێرانی بەخشرایە شەهرام نازری

21:10 - 6 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: \"شەھرام نازری\" خەڵاتی تەندیسی حافیزی باشترین گۆرانیبێژی ئێرانی لە پازدەیەمین جەژنی \"دنیای وێنەی\" بەدەست‌ھێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەهرام نازری، گۆرانیبێژی ناوداری کورد بە ئاوازی تیتراژی کۆتایی فیلمی سینەمایی \" ئێران بێرگێر\" توانی خەڵاتی حافیز بە دەست بێنێت.

ئەو تەندیسە لەلایەن \"جەمشید مەشایخی\" یەکێک لە ئەستێرەکانی سینەمای ئێرانەوە پێشکەشی شەهرام نازری کرا.

شەھرام نازری \"کە بە شوالییەی ئاوازی ئێران و کوردستان ناسراوە لە وتووێژێکی تایبەتدا سەبارەت بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە سینەماییە گوتی: لەڕاستیدا ھەر ھونەرمەندێک بە درێژایی ژیانی خۆی خەڵاتی جۆراوجۆر وەردەگرێت، منیش وەکوو ھەموو ھونەرمەندانی دیکە خەڵاتی زۆرم وەرگرتووە، بەڵام زۆربەی ئەم خەڵاتانەم کە وەرگرتووە لە دەرەوەی وڵات بووە. ئێستاکە کە خەڵاتی تەندیسی حافیز وەردەگرم زۆر خۆشحاڵم، چونکە بە پلەی یەکەم لە دەستی بنەماڵەی سینەما ئەم خەڵاتە وەردەگرم، چونکە بۆخۆم ھۆگرییەکی زۆرم پێیان ھەیە و بە پلەی دووەم لە دەستی \"جەمشید مەشایخی\" مامۆستا و یەکێک لە ئەفسانەکانی سینەما ئەم خەڵاتە وەردەگرم. ئێستا کە لە ناوخۆی وڵات ئەم خەڵاتەم پێدەبەخشن، بۆ من زۆر دەستکەوت و شانازییەکی گەورەیە.

سەبارەت بە درێژەپێدانی ھاوکارییی خۆی لە بواری سینەمادا گوتی: لەم بوارەدا بێگومان لە داھاتوودا ئەزموونی دیکە دەکەم، لەبەر ئەوەی کە بڕیار وابوو لە ھەشتاکاندا لەسەر داوای دەرھێنەری ناودار و کۆچکردووی ئێران \"عەلی حاتەمی\" لە فیلمی سینەمایی \"دلشدگان\" واتە \"دڵدارەکان\" وەکوو گۆرانیبێژ بەشداریی بکەم، بەڕێزیان لە رێگای \"جەمشید مەشایخی\" ویستیان لە نزیکەوە لەگەڵ من ئاشنا بن و لەم کارە سینەماییەدا بەشداریی بکەم. بەڵام بە ھۆی کۆنسێرت لە وڵاتی ئەمەریکا نەمتوانی بەشداریی بکەم.

گوتیشی: من بۆخۆم ھۆگرییەی زۆرم بە دنیای سینەما ھەیە و سروشتییە کە حەتمەن لەداھاتوودا لە بواری سینەمادا وەکوو گۆرانیبێژ بەشداریی بکەم و بێگومان ھەر ئەو کارەش دەکەم.

شەھرام نازری\" بۆ یەکەمین جارە کە لە بواری سینەمادا ئاوازی فیلمێک لە ئەستۆ دەگرێت و لەڕاستیدا خوێندنی ئاوازی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی \"ئێران بێرگێر\" لایەنێکی دیکەیە لە توانایی و شارەزایی ئەم هونەرمەندە ناودارە کوردە لە بواری خوێندندا.

ئاوازی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی \"ئێران بێرگێر\" بە پێی شیعری \"بەھانە\" واتە \"بیانوو\" کە بە \"دانەھای باران\" واتە \"تکەکانی باران\" ناسراوە و بەرھەمی شاعیری ناودار و کۆچکردووی ئێرانی \"سیاوەش کەسرایی\"یە، بە ئاوازدانانی \"ئەڕەشک رەفیعی\" و بە ھاوکاری ژەنیارانی پێشەنگی موزیکی ئێران لە چوارچێوەی ئۆرکستڕای گەورەدا سازکراوە.

دوایین قۆناغەکانی تۆمارکردنی ئەم بەرھەمە لە لایەن \"ئاڕش عادڵ پوور\" لە ستۆدیۆی \"تەرانەی سەمان\" لە شاری تاران ئەنجامدراوە و \"زوھرە سوڵتانی\" وەکوو بەرپرسی بەرھەم لە ئامادەکردنی ئەم گۆرانییەدا ھاوکاریی کردووە.

پازدەیەمین جەژنی سینەمایی ـ تەلەڤیزیۆنی \"دنیای وێنەی\" ئێران بە بەرپرسیاریی ڕەخنەگری ناوداری سینەمای ئێران \"عەلی موعەلیم\"، بە ھاوکاریی خاتوو \"ئازەر میعماریان\" ھەروەھا بە ئامادەبوونی ئەستێرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ، تەلەویزیۆن و مۆسیقای ئێران لە تەلاری گەورەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بەڕێوەچوو.

پێشتریش تەندیسی مافی مرۆڤی \"مێهر\" لەلایەن ناوەندی پارێزەرانی دادگوستەری ئوستانەکانی ئیلام و کرماشانەوەن بەهۆی هەوڵە بەشەردۆستانە و رێزگرتنی کەرامەتی مرۆڤایەتییەوە پیشکەش بەم هونەرمەندە کوردە کرابوو.