تەندرووستیی گیراوێکی کورد جێی نیگەرانییە

14:35 - 9 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: بۆ دەستبەسەر کردنی ژنە چالاکێکی کورد، هاوئاهەنگیی ئەمنییەتی لەنێوان ئیدارەکانی شاری کرماشاندا کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، فەرزانە جەلالی چالاکی بواری مافی ژنانی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیی‌دا ڕاگیرانی خۆی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.

ناوبراو، چوار ڕۆژە بە هۆکارێکی نادیار لە دەستبەسەرگەی \"مەیدان نەفت\"ی کرماشان ڕاگیراوە.

لەم بارەیەوە سەرچاوەیەک بە هەواڵنێری کوردپای وت: هێزی لیباس شەخسیی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات، بە هاوکاریی ئیدارەی تۆمارکردنی بەڵگەنامە لە کرماشان، فەرزانەیان پاش بانگ کردن، دەستبەسەر و ڕفاندوویانە.

بەوتەی ئەو کەسە؛ پاش ڕاگواستنی فەرزانە، دۆخی جەستەیی ناوبراو بە هۆی پێشینەی نەخۆشیی وەک دەزگای هەرس و دیسکی کەمەر، تێکچووە و ئەمەش جێی نگرانیی کەسوکارەکەیەتی.

دەوترێت کە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، پێش بە گەیشتنی دەرمان بەو کچە چالاکە مەدەنییە تەمەن ٣١ ساڵە دەگرن.

ڕۆژی پێنج‌شەممە، ٥ی ڕەشەمە کە فەرزانە جەلالی دەستبەسەرکراوە، کەسانی ئەمنییەتی ماڵی باوکی ناوبراویان پشکنیوە و هەندێ لە کەرەستە و کەلوپەلی کەسۆکی وەکوو لەپ تاپ، پەرتووک، فلاش مێمۆری و..هتدیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

فەرزانە جەلالی سەرەڕای چالاکیی بواری ژنان، لە بڵاوکراوەکاندا بابەتی خوێندکاریی نووسیوە و کێشە پەیوەندییدارەکان بە منداڵانی شیناوێی ورووژاندووە.