تەندروستیی سەعید شێرزاد زیندانیی سیاسیی کورد ناجێگرە

15:16 - 23 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: مانگرتن لە خواردنی چالاکێکی سیاسیی خەڵکی شاری کرماشان لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج پێی نایە سی و حەوتەمین ڕۆژ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، سەعید شێرزاد کە بە هۆی مانگرتنی لە خواردن، کێشی لە ڕادەبەدەر دابەزیوە و لاواز بووە، ڕەوانەی بێهداریی شوێنی دەستبەسەرکرانی کراوە.

گواستنەوەی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، پاش ئەوە دێت کە سینگ و گەدەی ناوبراو تووشی مەترسیی جیدیی بۆتەوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، سی و شەشەمین ڕۆژی مانگرتنی لە خواردن تێپەڕاند و لەگەڵ \"دابەزینی خێرای پەستانی خوێنی\" بەرەوڕوو بووە و پاش خەواندنی لە نەخۆشخانە، نەیهێشتووە سێرۆمی بۆ هەڵواسن.

سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو زیندانییە، کەمپێینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوەوە بڵاوی کردەوە: \"بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاندووە کە؛ هەتا کاتێک ئەو چالاکە مەدەنییە زیندانی کراوە لە هەڵواسینی سێرۆم خۆی ببوێری، ناتوانن ناوبراو بۆ نەخۆشخانە بگوازنەوە.

پێشتر، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەنیسبەت سەعید شێرزاد چالاکی سیاسی کورد نیگەرانیی جیددی خۆی ڕوو لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەربڕیبوو.

سەعید شێرزاد ناڕەزایەتیی خۆی بۆ \"نەبوونی ئەمنییەتی زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج و پێشلکردنی مافی زیندانیان\" گەڕاندۆتەوە و پاش دوورینی لێوەکانی خۆی، مانی لە خواردن گرتووە.

\"\"
سەعید شێرزاد
ناوبراو ڕایگەیاندووە؛ تا ئەو کاتەی دەنگی دەبیسترێ \"بە جیددی\" درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.

سەرەڕای دۆخی نالەبار و مەترسیداری ئەو چالاکە سیاسییە، بەڵام بەرپرسانی قەزایی و زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی ناوبراو خۆیان دەبوێرن.

چواردە زیندانیی بەند کراوی ساڵۆنی ١٢ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی ئەو چالاکە سیاسییە کرماشانیە دەربڕیووە.

پووشپەری ساڵی ڕابردوو، \"سەعید شێرزاد بۆ جاری دووهەم، لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوو مانگی سەرەتای دەستبەسەربوونی لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوو. ناوبراو ساڵی ٩٤ی هەتاوی بەتۆمەتی \"کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە تەناهیی نەتەوەیی\" سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو.

سەعید شێرزاد یەکەم جار لە خەرمانانی ساڵی ٩١ی هەتاوی لە کاتی یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بومەلەرزەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات دەستبەسەرکرا بوو.