تەندروستیی دۆخی کۆڵبەرێکی کورد کە تووشی پچڕانی دەمار ببوو باش نییە

21:04 - 25 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری مەریوان کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە ناوچەی سنوورییەکان هەورامان کردبوو و بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی تووشی پچڕانی دەمار ببوو، باش نیه.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆخی تەندروستیی \"موختار ئەمینی\'\'، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، که پێنج مانگ پێش ڕووی لە ملەی \"تەتە\"، یەکێک لە ناوچە سنوورییەکان هەورامان کردبوو و بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی تووشی پچڕانی دەمار ببوو، ناسەقامیگره.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندار و منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵانی هەیە و دوای پێنج مانگ لەو ڕووداوە، بارودۆخی تەندروستی ناوبراو باش نییە و لە دۆخێکی زۆر دوژواردا لە ماڵی باوکیدا دەژیت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: \"موختار ئەمینی توانای هیچ حەرەکەتێکی نییە و تەنیا توانایی چاو ترووکاندنی هەیە و پێویستی بە یارمەتی هەیە\".

کۆڵبەری یەکێک له مەترسیدارترین پیشەکانە کە خەڵکی کوردستان بە هۆی نەبوونی کار و کێشەی ماڵی ڕووی تێدەکەن و ساڵانە سەدان کۆڵبەر، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، هەرەسی ڕنوو، سەرما و سۆڵە، کەوتنەخوار لە بەرزاییەکان و ڕاودوونانیان لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، گیانیان لەدەست دەدەن یان بریندار و کەمئەندام دەبن.