تەقەی ‌ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت لە کوردستان قوربانیی لێکەوتەوە

14:37 - 29 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری بانە، گیانلەدەستدانی لاوێکی کوردی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٨ی بەفرانبار، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت، لە شاری بانە تەقەیان لە لاوێکی خەڵکی ئەو شارە کرد و لە ئاکامدا ئەو لاوە کوردە گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە شوناسی ئەو لاوە کوردەی بە \" عەبدولموتەلیب مورادی\" تەمەن ٢٠ ساڵە، کوڕی \"عەزیز\" و خەڵکی گوندی \"بڵەسەنی\" شاری بانە ڕاگەیاندووە.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: ئەو لاوە کوردە لەکاتێکدا خەریکی چاککردنەوەی ماشینی یەکێک لە هاوڕێکانی بووە، کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزەکانی حکوومەت.

دەوترێ، هێزە حکوومەتییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوە و هوشداری دانی پێشووتر، بە گومانی ئەوەیکە ئەو لاوە کوردە شتومەکی قاچاغی پێ بێت، تەقەیان لە ماشینیەکەیان کردووە.

هەر ساڵ زیاتر لە سەدان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان دەکرێنە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هیزە حکوومەتییەکان و لە هێندێک لەو ڕووداوانەدا کوژرانی هاووڵاتییانی کوردی لێ دەکەوێتەوە.

هەتاکوو ئێستا هیچ کەسایەتییەکی حەقیقی و حقووقی لە پەیوندیی لەگەڵ تەقە کردن لە کۆڵبەران و کاسبکاران لەسنوورەکانی کوردستان بە شێوەی یاسایی بەدواچوونی بۆ نەکراوە، و هەروەها دۆسیەی قەزایی کەسانی بریندار یان گیان لەدەستداو بە بیانووی\"پاراستنی سنوورەکان\" بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشتووە.