تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە ئینتزامییەکان لاوێکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد

15:28 - 11 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی لە شاری سەردەشت، لاویکی خەڵکی ئەو شارەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری نەغەدە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەز، پاش تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە گوندی\"مامکاوێ\"ی شاری سەردەشت، لاوێک بە ناوی \"ڕێباز قادرزادە\" کوڕی مینە، بە سەختی بریندار بوو.

ناوبراو هەنووکە لە نەخۆشخانەی\"خومینی\"ی شاری نەغەدە لە ژێرچاوەدێریی پزیشکیدایە.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، گوتی: ئەو لاوە تەمەن ٢٢ ساڵە لە ماڵەکەی خۆیدا، کراوەتە ئامانج و لەلایەن مەئموورانی ئینتزامییەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێ کراوە.

راپۆڕتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ پاسگای ئینتزامیی گوندی مامکاوێ داوا لە ڕێباز قادرزادە دەکات خۆی بەو پاسگایە بناسێنێت، بەڵام ناوبراو ئەو داوکارییە ڕەت دەکاتەوە.
هەروەها ئەو ڕاپۆرتە ئەوەشی خستەڕوو؛ ڕێباز پیشەی کۆڵبەرییە و هیچ کارێکی نایاسایی ئەنجام نەداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا دوو ڕۆژ پێش، تەقە بەربڵاوکانی هەنگی سنووریی سپای پاسداران لە کوردستان، بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێکی کورد و بریندار بوونی چوار هاووڵاتیی دیکە.

هەتا ئێستا هیچ کەسایەتییەکی حەقیقی و حقووقی لە پەیوەندیی لەگەڵ تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنوورکانی کوردستان بە شێوەی یاسایی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکراوە و دۆسیەی قەزایی ئەو کەسانەش کە بریندار یان گیانی خۆیان لە دەستداوە، بە بیانووی\"پاراستن و پارێزگاری لە سنوورەکان\" بە ئاکام نەگەیشتووە.