تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی، کوژرانی کۆڵبەرێکی بانەیی لێ کەوتەوە

15:06 - 10 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری ئەو شارە، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٣ی شەو ١٠ی جۆزەردان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، جێگر لە پاسگای سنووری \"سەرداو\"ی شاری بانە، کۆڵبەرێکی کوردیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە و لە ئاکامدا بوو بە هۆی کوژرانی ئەو کۆڵبەرە کوردە.

هەواڵنێری کوردپا، شوناس و ناونیشانی ئەو کۆڵبەرەی بە ناوی \"کەماڵ محەممەدی\" کوڕی مەجید، خەڵکی گوندی \"سووراو\"ی شاری بانە ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کۆڵبەرە کوردە لە کاتی چوون بۆ سنوور بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەی لێ کراوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"سەلیم خەلیلی\" دانیشتووی ناوچەی \"دەشتەبێڵ\" سەر بە شاری شنۆ، به هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار کرا.

کۆڵبەر بەو شێوەیە پێناسە کراوە: کۆڵبەر بە کەسێک دەگوترێ کە بۆ بژیو و داهاتی ژیانی خۆی بە ناچاری ڕوو لە هاوردەکردنی شتومەک لە نێوان دوو خاڵی سنووری دەکات، کە زۆرێک لە هاووڵاتییانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.